کەسوکاری گەنجێکی عێراقی ئاشکرای دەکەن، کوڕەکەیان لەناو خاکی ئێران لەلایەن باندێکەوە ڕفێنراوە و داوای 40 هەزار دۆلار دەکەن، هەڕەشەی ئەوەش دەکەن ئەگەر پارەکە نەدرێت "دەیکوژن و پارچەپارچەی دەکەن".
ئەمڕۆ سێشەم شەشی کانوونی دووەمی 2026، مامی ئەو گەنجە کە ناوی "حەسەن"ـە، بە ئاژانسی "شەفەق نیوز"ی ڕاگەیاندووە، برازاکەی نزیکەی هەفتەیەکە لەلایەن باندێکەوە لە ئێران ڕفێنراوە و گواستراوەتەوە بۆ ناوچەیەکی شاخاوی.
مامی ڕفێنراوەکە دەڵێت باندەکە داوای بڕی 40 هەزار دۆلار (چوار دەفتەر) دەکەن و هەڕەشەی کوشتن و پارچەپارچەکردنی دەکەن ئەگەر پارەکە نەنێرین.
بەپێی زانیارییەکان، حەسەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی "ئەمانەتێک" چووەتە ئێران، بەڵام بەگوێرەی ئەو تۆمارە دەنگی و ڤیدیۆییانەی بڵاو بوونەتەوە، دەرکەوتووە ناوبراو وەک گەشتیار لەگەڵ یەکێک لە خزمەکانی چووە، بەڵام بەهۆی تێوەگلانی ئەو خزمەی لە کارێکدا، حەسەن وەک "بارمتە" لەوێ بەجێ هێڵراوە.
کەسوکاری گەنجەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکەن بەپەلە دەستوەردان بکەن و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی ئێرانی بکەن بۆ دۆزینەوە و ئازادکردنی کوڕەکەیان، بەتایبەت کە هەڕەشەی کوشتنی لەسەرە.