لە كاتی چوونی دوو قوتابی بۆ قوتابخانە، ئۆتۆمبێل لە دوو قوتابی دەدات و بەو هۆیەوە هەردووكیان گیان لە دەست دەدەن.
ئەمڕۆ یەكشەم 11ـی كانوونی دووەم، شۆڕش حەسەن بەڕێوەبەری شارەدێی وەرتێ، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە گوندی سەرنەوس ئۆتۆمبێلێك لە دوو قوتابی داوە و بەسەختی بریندار بوون و بەپەلە رەوانەی فریاكەوتنی سۆران كراون.
زیاتر گوتی، بەداخەوە هەردوو قوتابییەكە لە نەخۆشخانە گیانیان لە دەست داوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، قوتابییەكان كچ و كوڕن، خوشك و بران، یەكێكیان پۆلی یەكی سەرەتایی و ئەوەی تریشیان پۆلی پێنجی سەرەتاییە، تەمەنیان لە نێوان حەوت بۆ 10 ساڵدایە.
روونی كردەوە، ئەو خوشك و برایە لە كاتی چوونیان بۆ قوتابخانە و هەر لە گوندەكەی خۆیان تووشی ئەو رووداوە بوون.