حكوومەتی هەرێمی كوردستان 97 گەنجی تری لە لیبیاوە گەڕاندەوە

:: PM:02:18:24/01/2026 ‌
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان، لێژنەیەكی باڵا و هاوبەش لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە هاوئاهەنگییەكی چڕ و ورد لەگەڵ باڵوێزخانەی كۆماری عێراقی فیدراڵ لە لیبیا، دوای كاركردنێكی زۆر و بەدواداچوونی ورد، سەركەوتوو بوون لە گەڕاندنەوەی كاروانێكی تری كۆچبەران.

ئەمڕۆ شەموو 24ی كانوونی دووەم، كاروانی شەشەمی ئەو گەنجانەی هەرێمی كوردستان كە لە وڵاتی لیبیا لە كاتی هەوڵدانیان بۆ كۆچی نایاسایی بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا گیرابوون، بە سەلامەتی گەڕێنرانەوە بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان. 

ژمارەی ئەو گەنجانەی لەم كاروانەدا گەیشتنەوە باوەشی نیشتمان، پێكهاتبوون لە 97 گەنج كە بەپێی ئامارەكان زۆرینەیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن. جێگەی ئاماژەیە كە دوێنێش 100 هاونیشتمانیی تر بەسەلامەتی گەیەنرانەوە خاكی هەرێمی كوردستان و ڕادەستی خێزانەكانیان كرانەوە لە دەڤەری پشدەر.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات لەسەر پێویستی و گرنگی خۆپارێزی گەنجان و خانەوادەكانیان دەكاتەوە، لە گرتنەبەری رێگەی كۆچی نایاسایی و نائاسایی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا. ئەم جۆرە كۆچە نەك هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات، بەڵكو دەبێتە هۆی پێشێلكاریی یاسایی وڵاتانی تر و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادا دێت؛ هاوشێوەی ئەو بارودۆخە سەختەی رووبەڕووی ئەم گەنجانە بووەوە، كە هەندێكیان بۆ ماوەی هەشت مانگ لە گرتووخانەكاندا بوون، لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی رووبەڕووی مەترسییەكانی مردن بوونەتەوە.

تا ئەمڕۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، توانیویەتی 299 كۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخە جیاوازەكان ڕزگار بكات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان. ئێستەیش تیمێكی تایبەتی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە لە ناو خاكی لیبیان و بەردەوامن لە كارەكانیان بۆ ڕزگاركردن و هێنانەوەی ئەو كۆچبەرە كوردانەی تری كە هێشتا لەوێ ماون، بارودۆخی ژیان و تەندروستییان لە مەترسیدایە.



وشە - رامیار جەواد