مانگی سووریی كوردی رای دەگەیەنێت، بەهۆی گەمارۆكانەوە پێنج منداڵ لە كۆبانێ گیانیان لە دەست داوە، كەمێك پێش ئێستە دواترینیان منداڵێكی ساوا بوو.
ئەمڕۆ شەموو 24ی كانوونی دووەم، رێكخراوی مانگی سووریی كوردی، لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی لەسەر شاری كۆبانێ هەیە، تا ئەمڕۆ پێنج منداڵ گیانیان لە دەست داوە، یەكێك لە قوربانییەكان منداڵێكی ساوایە، بەهۆی نەمانی ئۆكسجین لە نەخۆسخانەی گیانی لە دەست داوە.
رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەش داوە، هۆكاری سەرەكیی گیان لەدەستدانی ئەو منداڵانە، دابەزینی بەرچاوی پلەكانی گەرما، نەبوونی سووتەمەنیی گەرمكەرەوە و كەمیی پێداویستییە پزیشكییەكان و خۆراك بووە.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، بەردەوامیی گەمارۆكە مەترسییەكی راستەوخۆ و رژدی لەسەر ژیانی منداڵان، نەخۆشان و بەساڵاچووان دروست كردووە، بۆیە داوایەكی بەپەلە ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوە مرۆیی و مافپەروەرەكان دەكات، تا دەستبەجێ كار بكەن بۆ شكاندنی گەمارۆكە و دابینكردنی سووتەمەنی و كەرەستەی فریاگوزاری، پێش ئەوەی ژمارەیەكی زیاتری خەڵك گیان لە دەست بدەن.
مانگی سووریی كوردی دووپات لەوە دەكاتەوە، تیمەكانی فریاگوزاری و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان، بۆ ئەوەی دەستبەجێ هاوكاریی پزیشكی و مرۆیی بگەیەننە خەڵكی كۆبانێ، بەمەرجێك رێگەیەكی ئارام بۆ گەیشتنیان دابین بكرێت.