ناڕەزایی لە بەرانبەر قسەی مەلایەكی ئاینی لە زیادبووندایە كە خۆپێشاندانی بە "ڕاقیسە" و كردنە كەزی قژی كچانیشی بێ بەها كردبوو.
دۆخی رۆژئاوای كوردستان، قۆناغێكی گرنگی هێناوەتە پێشەوە كە هەموو كورد یەكدەنگ بەرانبەر دوژمن تێدەكۆشن. مەلا هەڵۆ بە خۆپێشاندەران دەڵێت: "راقیسە" و ئەوەی دەیكەن نە مرۆڤایەتی، نە كوردایەتی و نە دیندارییە.
دوێنێ بەو سەرما و بەفربارینە خەڵكی سلێمانی خۆپێشاندانێكی ملیۆنیان ئەنجام دا، پێشتریش چەندان خۆپێشاندانیان بۆ رۆژئاوای كوردستان كردووە، لە هەولێریش خەڵك گەرمن و دڵیان پڕە و بەردەوام لە خۆپێشانداندان و كەمپینێكی زۆر بۆ هاوكاری خوشك و براكانیان لە رۆژئاوای كوردستان رێكخستووە.
مەلا هەڵۆ لە گوتاری دوێنێ هەینی ئەم قسانەی بۆ هاووڵاتییان كورد و بەتایبەت بەخۆپێشاندەرانی سلێمانی گوت: كورد جاشی ئەمەریكا و ئیسرائیلە، با ئەمجارە ئیسلام بكات بەبەرنامەی خۆی.
"توخوا هۆنینەوەی قژ چییە؟ ئەوان ئەوەیان دەوێت قژی خوشك و دایكمان ببینن، دە فەرموو تۆ بیكە من نایكەم". "ئێوە خەریكی "راقیسە" و ئەوەی دەیكەن نە مرۆڤایەتی، نە كوردایەتی و نە دیندارییە".
كوردۆ شابان نووسەر لەوبارەیەوە نووسیویەتی، خاڵێكی زۆر گرنگی بەرخودانی ڕۆژئاڤا ئەوەیە، كەس گوێ لە مەلای ئەحمەق ناگرێت، مامۆستا ئاینییە نەتەوەییەكان، ڕۆژیان هاتووەتەوە.
هەروەها دەڵێ، لە بەرانبەر مەلایەك كە گاڵتە بە هەڵمەتی هۆنینەوەی كەزیی ژنان دەكات، دەیان مامۆستای بەرز، كەزیی كچەكانیان دەهۆننەوە.
هاوكات رێبین فەتاح رۆژنامەنووس لەوبارەیەوە نووسیویەتی، ئەگەر باوەڕدارێكی ئاینی بین، باوەڕ لە شێخ عوبەیدوڵای نەهری وەردەگرین، لە شێخ سەعیدی پیران، سەید ڕەزای دەرسیم، شێخ مەحموودی حەفید، پێشەوا قازی و شێخ ئەحمەدی بارزان.
"ئەمە ڕێگەكەمانە، مەلا مەزەی عوسمانلی، مەلا عەلەی قەتەری، مەلا قالۆچەی بەغدادی و هیچ پاتاڵێكی تر، جێگەیان لەم كاروانەدا نییە"، رێبین فەتاح وای نووسیوە.
هەروەها دەڵێ، ئاین و هەر فەلسەفە و ئایدیۆلۆجیایەك، ئەگەر تەنانەت لە ساتەوەختی قڕكردن و لە ناوبردنیشدا لەگەڵمان نەوەستێت، هزرێكی دەستخەڕۆكەرانەیە و هەمیشە لە دژمان وەستاوە.