شێرزاد مامەسێنی، رۆژنامەنووس بڵاوی كردەوە، ئەلیعایزەر تیسەیفریر ناسراو بە مام غازی کە دۆستێكی دێرینی كورد بووە، ئەمڕۆ گیانی لەدەست داوە.
مامەسێنی وای نووسیوە، مام غازی سەرۆكی تیمی مۆساد بوو لە ساڵی شەستەكان هاتنە چیاكانی كوردستان شانبەشانی پێشمەرگە بۆ هاوكاریكردنی شۆڕشی ئەیلوول، هاوكات بەرپرسی هۆبەی مۆساد بوو لە عێراق و ئێران و سووریا.
"جەنەراڵ نووسەری كتێبی (ئەنی كوردیم/من كوردم)ە كە رێگەی چاپی كوردییەكەی پێ نەدرا لە كوردستان، كەچی هەموو خەون حەسرەتی ئەوەبوو كوردستانێكی سەربەخۆ و ئازاد ببینێ، زۆریش هەوڵی بۆی دەدا، لە رێگەی پێوەندییە بەرفراوانەكانییەوە هەمیشە لەسەر خەت بوو لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وڵاتە بڕیاربەدەست و زلهێزەكان بۆ هاوكاریكردنی دۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی، پێی وابوو بێ كوردستانێكی سەربەخۆ، ئیسرائیل هەمیشە لە مەترسیی سڕینەوە دایە". شێرزاد مامەسێنی وای نووسیوە.
ئەو دەگێڕێتەوە، كە جارێكیان داوای خاكی چیای هەندرێنی لێ كرد و بۆم برد و لێم پرسی بۆ چیتە؟ گوتی: كە مردم بەسەر گۆڕەكەمدا بكەن كە قەرزاری خاكی ئەو نیشتیمانەم.
هەروەها دەڵێ، زۆر دڵخۆش بوو بە ریفراندۆم و پێی وابوو كورد یەكەم بڕیاری دروستی لە ژیانی سیاسیی دابێت، پرۆسەی ریفراندۆم بووە.