لە گەرمیان هەوڵی رفاندنی منداڵی بەرپرسێكی ئاسایش درا و كەسەكانیش ناسراون

:: PM:01:31:29/01/2026 ‌
شەوی رابردوو چوار كەس لە یەكێك لە گەڕەكەكانی كفری لە ئیدارەی گەرمیان، هەوڵی رفاندنی منداڵی بەرپرسی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی گەرمیانیان داوە، لە ئەنجامدا شەڕەتەقە دروست بووە و تۆمەتبارەكان هەڵاتوون. بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت: دەیانناسین.
 
شەوی رابردوو تەقە لە ماڵی بەرپرسی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایشی گەرمیان كراوە، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت، چوار كەس تەقەیان كردووە و سێ كەسیان ناسراون، بەپێی مادەی رفاندنیش بڕیاری گرتنیان بۆ دەرچووە.

سەربەرز عومەر لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند، تەقەكردنەكە دوێنێ بووە و هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش خەریكە لێكۆڵینەوەن.

گوتی، بەپێی زانیارییەكانی دەستیان كەوتووە، چوار كەس تەقەیان لە ماڵی بەرپرسەكەی ئاسایش كردووە لە كفری كە سێیانیان ناسراون، فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە بەپێی مادەی 421 لە یاسای سزادانی عێراقی، كە بە "رفاندن" تۆمەتبارن، چونكە باس لەوە دەكرێ هەوڵی رفاندنی منداڵێكی ئەو بەرپرسەیان داوە.

سەربەرز عومەر دەڵێت: تا ئێستە ئەو كەسانە نەگیراون، پۆلیس و ئاسایش و لایەنە تەناهییەكان بەدوایانەوەن.
 
مادەی 421 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە "تاوانی رفاندن" و لە مادەكەدا هاتووە، ئەو كەسەی مادەكەی بەسەر ساغ بێتەوە، بە بەندكردن سزا دەدرێت كە لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت.



وشە - سۆران عەزیز