ئەحمەد هێمن چۆن شەهید كرا

:: AM:09:54:31/01/2026 ‌
شەهیدبوونی رۆڵەیەكی كەركووك لە رۆژئاوای كوردستان، تەواوی هاووڵاتییانی كوردی لە چوار پارچەی كوردستان خەمبار كرد، یەكێك لە هاوڕێكانی چیرۆكی شەهیدبوونەكەی دەگێڕێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 31ـی كانوونی دووەم، یەكێك لە هاوڕێكانی لە كاتی شەهیدبوونەكەی لەگەڵیدا بوو، بۆ "وشە" قسەی كرد و گوتی، ئێوارەی 26ـی كانوونی دووەم هێرشێكی زۆرمان لەسەر بوو، ئێمە لە باشووری حەسەكە لە بەرگریدا بووین و چوار كوردی باشوور لەگەڵ 17 كوردی رۆژئاوا بەیەكەوە بووین.

زیاتر گوتی، ئەو رۆژە پێش دەستپێكردنی شەڕەكە، گوتمان كێ‌ قسە لەگەڵ كەسوكاری دەكات رەنگە هەموومان شەهید بین، شەهید ئەحمەد گوتی من سێ‌ ڕۆژ پێش ئێستە قسەم لەگەڵ دایكم كردووە و گەردەن ئازادیم لێ‌ كردووە.

باسی لەوەش كرد، شەڕەكە بۆ ماوەی چوار سەعات بەردەوام بوو، چەكدارانی سوپای عەرەبی سووریا لە شەڕەكەدا شكان، ئێمە هەموومان سەلامەت بووین، بەڵام لەو كاتەدا كە لە خانوویەك بووین، شەهید ئەحمەدی هاتە دەرەوە و درۆنێكیش لەو كاتەدا خۆی بەو شوێنەدا تەقاندەوە و ئەحمەد شەهید بوو و دوو برادەری تریش بریندار بوون.

دایكشیی بۆ "وشە" قسەی كرد و رای گەیاند، دواین قسەی شەهید ئەحمەد ئەوەبوو سێ‌ بۆ چوار رۆژ پێش شەهیدبوونی بوو، تەلەفۆنی كرد گوتی دایكە گەردەنم ئازادكە دەچمە شەڕ.

ئەحمەد هێمن گەنجێكی شاری كەركووك بوو، لە 15ـی كانوونی دووەم چووە رۆژئاوا بۆ بەرگری لە خاكی كوردستان، لە 26ـی كانوونی دووەم شەهید بوو و لە 31ـی كانوونی دووەم دوای هێنانەوەی تەرمەكە لە كەركووك بەخاك هاتە سپاردن.



وشە - رامیار جەواد