پۆلیسی سلێمانی بڵاوی كردەوە، مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵی سەربە بەڕێوەبەرایەتیمان، تۆمەتبارێكیان گرت كە هەڵیكوتابووە سەر ماڵی پووری و دوای ئازاردان و ئەشكەنجەدانێكی زۆر و برینداركردنی، زێڕەكانی دەدزێ و هەڵدێت.
ئەمڕۆ چوارشەم 25ـی شوبات، پۆلیسی سلێمانی بڵاوی كردەوە، دوای ئاگاداركردنەوەمان لە ڕووداوێك كە ئێوارەی دوێنێ سێشەم لە شارەدێی شۆڕشی سەربە قەزای چەمچەماڵ ڕووی دابوو، تۆمەتبارێكی دەمامكدار هەڵیكوتابووە سەر ماڵی ژنێكی بەساڵاچوو كە بەتەنیا دەژیا، دوای ئەوەی تۆمەتبار ژنەكە دەبەستێتەوە و ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆری دەدات تا لە هۆش خۆی دەچێت، دواتر زێڕەكانی دەدزێ و هەڵدێت.
ئاماژە بەوەش كراوە، دەستبەجێ بڕیاری دادوەر بۆ ڕووداوەكە وەرگیرا و هێزەكانیان لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونیان بۆ دۆزینەوە و گرتنی تۆمەتبار دەست پێ كرد، سەرەنجام توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە بیگرن، هاوكات دەستیش گیرا بەسەر زێڕە دزراوەكەدا.
روون كراوەتەوە، تۆمەتبار ناوی (ش، ع، ح) لەدایكبووی (1987)یە، لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوت كە تۆمەتبار خوشكەزای سكاڵاكارە.