بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە هەولێر دوو کەس کوژران؛ پۆلیس بكوژەكانی گرت

:: PM:10:40:25/02/2026 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕای گەیاند، ئەمشەو لە شارەدێی ڕزگاری بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە تەقە کراوە و دوو کەس کوژراون، هێزەکانیشیان دەستبەجێ تۆمەتبارانیان گرتووە.

ئەمشەو چوارشەم 25ی شوباتی 2026، پۆلیسی هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردەوە، سەعات 8:00ی ئێوارە لە شارەدێی ڕزگاری، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کەسێک تەقەی کردووە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا دوو کەس بە ناوەکانی (زوهێر مستەفا بۆزۆ) و (محەمەد یووسف مەلا فەرخ) کوژراون.

پۆلیسی هەولێر ئاشکرای کردووە، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و هەردوو تۆمەتباری سەرەکییان بە ناوەکانی (ی. م. ع) و (ع. ی. م) گرتووە.

بەپێی پۆلیس، تۆمەتبارەکان ددانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.



وشە - پۆڵا مەحموود