سەرۆک بارزانى بۆ كۆچی دوایی سیاسەتمەدار سكرتێری پێشووتری حزبی شیوعیی عێراق و كوردستان حەمید مەجید موسا، پەیامێکى هاوخەمیی بڵاو کردەوە.
ئەمەى خوارەوە دەقى پەیامەکەى سەرۆک بارزانییە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی سیاسەتمەدار و تێكۆشەری دێرینی عێراق و سكرتێری پێشووتری حزبی شیوعیی عێراق و كوردستان (حەمید مەجید موسا)ـمان پێ گەیشت. حەمید مەجید مووسا ڕۆڵێكی كارای لە خەباتی گەلانی عێراق دژ بە دیكتاتۆری و ستەمكاری و گەییشتن بە ئازادی و دیموكراسی گێڕاوە و یەكێك لەو كەسایەتییە سیاسییانەی عێراقی بوو كە هاوسۆز و پشتیوانی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان بوو.
پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو حەمید مەجید مووسا و هەڤاڵ و هاوڕێیانی و سەركردایەتی و ئەندامانی حزبی شیوعیی عێراق و كوردستان دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
لە خودای مەزن داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا للە و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی
28ی شوباتی 2026