سێ‌ هەزار و 500 ئێزیدی لە پڕۆژەی پاڵپشتیی دارایی سەرۆك وەزیرانی كوردستان سوودمەند دەبن

:: PM:03:43:11/03/2026 ‌
دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، پڕۆژەی پاڵپشتیی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش، لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان راگەیەنراوە كە تا ئێستە زیاتر لە سێ‌ هەزار و 500 ڕزگاربوو لێی سوودمەند بوون.

لە میانەی بەشداریكردنی بەشێوەی ئۆنلاین لە دانیشتنەكانی خولی 30ی لیژنەی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە ڕێككەوتننامەی پاراستنی هەموو كەسێك لە بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ، دیندار زێباری رای گەیاند، شەش هەزار و 417  حاڵەتی ڕفاندنی ئێزیدییەكان دۆكیومێنت كراون، حكوومەتی هەرێم بە هەوڵە بەردەوامەكانی توانیویەتی سێ‌ هەزار و 593  كەسیان ئازاد بكات، لە كاتێكدا دوو هەزار و 824  كەس هێشتا بێسەروشوێنن.

روونیشی كردەوە كە پڕۆژەی پاڵپشتیی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش، لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان راگەیەنراوە كە تا ئێستە زیاتر لە سێ‌ هەزار و 500 ڕزگاربوو لێی سوودمەند بوون، 70%ی ئافرەتی ڕزگاربوو توانیویانە دەرفەتی كار یان پڕۆژەی تایبەتی خۆیان دەست پێ بكەن.
 
لە ڕووی یاسایی و تەناهییەوە ئامارێكی تری خستە ڕوو و گوتی، كۆی ژمارەی كەیسەكانی تیرۆر لە هەرێم تا ئێستە گەیشتووەتە هەزار و 246  كەیس، كە هەزار و 225  كەیسیان پیاو و 21 كەیسیان ژن بوون.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم