چوار هاووڵاتی كوردی رۆژهەڵات بەهۆی بۆردمان گیانیان لە دەست دا

:: PM:12:52:13/03/2026 ‌
چوار هاووڵاتیی مەدەنی لەوانە ژنێك و سێ هاووڵاتیی كورد لە كاتی شەڕدا و بەهۆی بۆردمان و شەڕ گیانیان لە دەست داوە.

رێكخراوی مافی هەنگاو بڵاوی كردەوە، هاووڵاتییەك بە ناوی بەهرام سەییدی ‌تەنیا، خەڵكی سەلاسی باوەجانی سەربە پارێزگای كرماشان، كە لە كاتی بۆردمانكردنی ناوەندە سەربازییەكانی ئەو شارەدا بە پریشك بریندار ببوو، دوای سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی حەزرەتی ڕەسوولی جوانڕۆ گیانی لەدەست دا.

دەشڵێت، پەرەستش (مائیدە) دهاقین، دەرمانساز و دەرچووی زانكۆی تاران، لە كاتی بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا لە گەڕەكی ئاپادانای تاران گیانی لەدەستداوە. ئەم هاووڵاتییە لە كاتی ڕوودانی ئەم بۆردمانەدا لە دەرمانخانەیەك لە تەنیشت باڵەخانە سەربازییەكە كە كراوەتە ئامانج، سەرقاڵی كاركردن بووە.

باس لەوەشكراوە، هاووڵاتییەك بە ناوی محەمەد عەلی جەوانمەرد خەڵكی ئورمیە، لە كاتی بۆردمانكردنی ئەو شارە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە گیانی لەدەستدا. 

هەروەها، نەبی غوڵامی كرێكاری خەڵكی كامێران، لە كاتی بۆردمانكردن  گیانی لە دەست دا.



وشە - رامیار جەواد