لە هەولێر كەسێك دەكوژرێ و دواتر دەسووتێنرێت.. گومان لە رووداوەكە هەیە

:: PM:02:10:16/03/2026 ‌
هێزە تەناهییەكانی هەولێر لە رووداوێكی گوماناویدا ئاگادار دەكرێنەوە بۆ رووداوێك كە گومان دەكرێت كەسێك كوژراوبێ و دواتر سووتێنرابێت.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی ئادار، شاخەوان سەعید گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، سەعات 12:19ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگادار كراینەوە كە ماڵێك ئاگری گرتووە.

زیاتر گوتی، دوای گەیشتنی تیمەكانمان، بۆمان دەركەوت تەرمێك لەناو ئاگرەكەیە و دوای كوژاندنەوەی، تەرمەكە بۆ پزیشكی دادی هەولێر گواسترایەوە.

ئەوەی زانراوە رووداوەكە گوماناوییە كە لە گەڕەكی كانی نزیك بانكی جیهانە، تەرمی پیاوێك لەناو ماڵەكەدا دۆزرایەوە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، ئۆتۆمبێلی قوربانییەكە دزراوە، بۆیە گومان دەكرێت كەسەكە لەلایەن كەسانێكی نەناسراوەوە كوژرابێ و دواتر بۆ شاردنەوەی شوێنەواری تاوانەكە، ماڵەكەی سووتێنرابێت.

ئێستە پۆلیس و ئاسایشی هەولێر كامێرای شوێنەكەیان كۆ كردووەتەوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە، تا بزانرێ ئەو كەسە كوژراوە یان بە رووداوی ئاسایی مردووە ئەوجا سووتاوە.



وشە - رامیار جەواد