ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئاداری 2026، سەرچاوەیەکی تەناهی لە پارێزگای سەلاحەدین ڕای گەیاند کە شەوی ڕابردوو بەهۆی ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەسەر ڕێگەی نێوان شارۆچکەی بێجی و شاری تکریت لەو پارێزگایە، خێزانێکی تەواو کە لە حەوت کەس پێکهاتبوون، گیانیان لەدەست دا.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە دا کە ڕووداوەکە لە ئەنجامی پێکدادانێکی سەختی نێوان دوو ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگە گشتییەکە ڕووی داوە، و بەهۆیەوە سەرجەم ئەندامانی ئەو خێزانە لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەست داوە.
هەروەها ڕوونی کردەوە کە دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمەکانیان بۆ پزیشکی دادوەری گواستەوە، لە هەمان کاتدا لایەنە پێوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیان بۆ زانینی هۆکارەکانی ڕووداوەکە دەست پێ کردووە.
جێگەی باسە، ڕێگەی بێجی – تکریت بە یەکێک لەو ڕێگەیانە دادەنرێت کە بەردەوام ڕووداوی هاتوچۆی تێدا ڕوو دەدات، ئەوەش بەهۆی خێراییی زۆر و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ، سەرباری بوونی کێشە لە ژێرخانی ڕێگەوبانەکەدا.
لە لایەکی ترەوە، سەرچاوەیەکی تەناهی لە کەرکووک، پێشتر هەر دوێنێ چوارشەم ئاشکرای کرد کە ڕووداوێکی تری هاتوچۆ لەسەر ڕێگەی کەرکووک - بێجی ڕووی داوە، کە ئۆتۆمبێلەکە خێزانێکی حەوت کەسیی تێدا بووە، و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەست داوە و شەش کەسەکەی تریش بە برینی جیاوازەوە بریندار بوون.