نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بەبۆنەی جەژنی رەمەزان بڵاو كردەوە، دووپات لەوە دەكاتەوە كە ناوچەكە بە ئاڵۆزی و مەترسییەكانی شەڕدا تێدەپەڕێت.
لە پەیامەكەدا هاتووە، بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە تەواوی موسڵمانان لە كوردستان، عێراق و جیهان دەكەم، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەكەم و هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئارامی، ئاسوودەیی و كامەرانی بۆ هەمووان.
"با مانا و پەیامە بەرزەكانی ئەم جەژنە لە لێبوردەیی، گەردنئازادی و ئاشتەوایی، بكەینە دەرفەتێكی نوێ بۆ پتەوكردنی تەبایی و پێكەوەیی. لەم دۆخە هەستیارەدا كە ناوچەكەمان بە ئاڵۆزی و مەترسییەكانی شەڕدا تێدەپەڕێت، ئەركی هەمووانە كە بە بەرپرسیاریەتیی مێژوویی و نیشتمانییەوە كار بكەن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان". نێچیرڤان بارزانی وای نووسیوە.
هەروەها دەڵێ، ئێمە بە ئومێد و گەشبینییەوە لە داهاتوو دەڕوانین و دڵنیاین گەلی كوردستان بە خۆڕاگری و یەكدەنگی، ئەم قۆناغە سەختەش تێدەپەڕێنێت، هیوادارم جەژنی خێر و بەختەوەری بێت بۆ هەموو لایەك.