بەپێی ڕاپۆرتی رێكخراوێكی مافی مرۆڤی ئێران، لە ماوەی ساڵێكدا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران 61 ژن لەسێدارە دراون، 130 حاڵەتی كوشتنی ژنانیش تۆمار كراوە.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەرانا لەبارەی ئاماری پێشێلكارییەكانی دژ بە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕاپۆرتیكی بڵاوكردەوە و لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لە 21ـی ئاداری 2025 تا 21ـی ئاداری 2026 لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان 61 ژن لەسێدارە دراون، سزای لەسێدارەدان بۆ 13 ژنی تریش دەرچووە.
ئاماژە بەوەش كراوە، هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە 74 حاڵەتی دەستدرێژی سێكسی یان هەراسانكردنی سێكسی تۆماركراون، هەروەها 130 حاڵەتی كوشتنی ژنان تۆمار كراوە، جگە لەوەش 187 حاڵەتی توندوتیژیی خێزانی تۆمار كراون.
راپۆرتەكە باسی لەوە كردووە كە 13 ژن بەهۆی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی زۆرەملێ دەستبەسەر كراون، چوار ژن زیندانییكراون، 11 ژنیش بانگهێشتی دادگا و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران كراون، حەوت ژنیش لەلایەن هێزەكانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بوونەتەوە.