چوار برا لە رۆژهەڵاتی كوردستان چارەنووسیان نادیارە

:: AM:09:18:25/03/2026 ‌
چوار برا لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە گیراون و تا ئێستە چارەنووسیان نادیارە، دەزگای دادەوەریی ئەو وڵاتەش ئامادە نییە ئازادیان بكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ـی ئادار، ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە، دوای  تێپەڕبوونی چەندیان مانگ بەسەر دەستبەسەركردنی چوار برای خەڵكی بۆكان بە ناوەكانی ڕەسووڵ، ناسر، مووسا و حەمزە یادیار لەلایەن ناوەندە حكوومییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ئەم هاووڵاتییانە هێشتا لە دۆخی ناڕوون و نادیاردا ڕاگیراون و دادوەری گشتیی ئەو شارە ڕێگریی لە ئازادكردنیان دەكات.

بەگوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، هەرچەندە قۆناغەكانی لێكۆڵینەوە كۆتاییان هاتووە و ماوەی یاسایی دەستبەسەركردنیان بەسەر چووە، بەڵام عەلی زاهیدی دادوەری ئەو شارە لە دەركردنی فەرمانی ئازادكردنی ئەم هاووڵاتییانە خۆی دەپارێزێت و لە دۆخێكی ناڕووندا ڕایانی گرتووە.

ئەم چوار برایە كە هەموویان سەرپەرشتی بنەماڵەن، لە كاتێكدا لە ژێر گوشاری ناوەندە حكوومییەكاندان كە تەنانەت ئۆتۆمبێلە تاكەكەسییەكانیان لەلایەن هێزە حكوومییەكانەوە زەوت كراوە، بەدواداچوونی بنەماڵەكەیان بۆ گەڕاندنەوە و دیاریكردنی چارەنووسی ڕۆڵەكانیان تا ئێستە بێ ئاكام ماوەتەوە.



وشە - رامیار جەواد