لە بەرلین سێ عەرەب دەستدرێژیی سێکسی دەکەنە سەر کوردێک

:: PM:08:10:26/03/2026 ‌
 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، ڕووداوێکی دڵتەزێن و نەخوازراو ڕووی دا، کاتێک سێ کەسی عەرەب دەستدرێژیی سێکسییان کردە سەر پەنابەرێکی کورد، تەنیا لەبەر ئەوەی کە کوردە، ئەمەش کاردانەوەی توندی لێ کەوتووەتەوە.

چالاکێکى کورد کە چاودێرە بەسەر ڕەوشی پەنابەرانی کورد لە ئەڵمانیا و ئاگەداری وردەکاریی ڕووداوەکەیە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو سێ عەرەبە تەنیا لەبەر ناسنامەی نەتەوەیی و کوردبوونی قوربانییەکە، ئەو تاوانەیان بەرانبەر کردووە.

بەپێی گوتەی ئەو چالاکە، هەرچەندە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شەقامی ئەڵمانیا کاردانەوەیەکی گەورە و توندیان بەرانبەر بەم تاوانە هەبوو، بەڵام میدیا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە ڕووداوەکەیان شاردەوە و بێدەنگییان هەڵبژارد، تا ئەو کاتەی جولیا کلۆکنەر سیاسەتمەداری دیاری ئەڵمانیا هاتە دەنگ و بێدەنگییەکەی شکاند.

جولیا کلۆکنەر سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیا و سیاسەتمەداری پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا و ئەندامی پەرلەمان، لە کاردانەوەی ئەو ڕووداوە و بێدەنگیی میدیاکان لەبارەى پرسی توندوتیژیی سێکسی، ڕەخنەی توندی گرت و ڕای گەیاند، ئاستی تووڕەیی و بێزاربوونمان نابێت وابەستەی کەسی تاوانبار بێت، بەڵکو دەبێت هەمیشە بەرانبەر بە خودی تاوانەکە بێت بە لەبەرچاوگرتنی ئازاری قوربانییەکان؛ گوێ نەدرێتە ئەوەی ئایا تاوانبارەکە کەسێکی دیار و ناسراوە یان نا.


وشە - پۆڵا مەحموود