دوو قاچاخچیی كورد لە بەریتانیا سزا دران

:: AM:11:05:11/04/2026 ‌
دوو بازرگان كە شوشتنگەیەكی ئۆتۆمبێلیان لە بەریتانیا بەڕێوە دەبرد، بە نهێنی خەریكی پلاندانان بوون بۆ كاری گەورەی قاچاخچێتیكردنی خەڵك و سەتان كۆچبەریان لە سەرانسەری ئەوروپادا گواستووەتەوە. دوێنی حوكم دران.

دوو قاچاخچییەكە تەمەنیان 43 و 42 ساڵ بووە و هەریەكەیان سزای 19 ساڵ زیندانیكردنیان بۆ دەرچوو. ئەوان تەنیا لە شەش مانگدا 400 كۆچبەریان گواستووەتەوە.

بەریتانیا رای گەیاندووە كە گرتنی ئەو كەسانە و سزادانیان وەك بەشێك لە گرووپێكی گەورەی تاوانی رێكخراوە، ئاسانكارییان كردووە بۆ گواستنەوەی كۆچبەران لە عێراق و سووریاوە لە رێگەكانی بیلاڕووس، مۆڵدۆڤا، بۆسنە، ئیتاڵیا، كرواتیا، رۆمانیا، بولگاریا، سلۆڤینیا، ئەڵمانیا و فڕەنساوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو دوو كەسە بە چەندان رێگەی جیاواز كۆچبەرەكانیان گواستووەتەوە، لەوانە بە پێ یان رێگەی VIP، یان ئۆتۆمبێلی بچووك یاخۆ بە بارهەڵگر و یەخت، هەروەها دابینكردنی گەشتی فڕۆكە.

بەریتانیا دەڵێت، ئەو دوو قاچاخچییە لە رێگەی نووسینگەكانی حەواڵە كە بنكەكانیان لە عێراق و هەرێمی كوردستان و ئیستانبوڵ بووە، پارەیان لە كۆچبەران وەرگرتووە بۆ ئەوەی گەشتەكانیان ئەنجام بدەن، كاتی گرتنیان دەگەڕێتەوە بۆ مانگی نیسانی 2023 و بە بڕیاری دادگا، سزای 19 ساڵ زیندانی بۆ هەردووكیان دەركرا.



وشە - رامیار جەواد