لە كاتی وێنەگرتندا شێرێك پەلاماری منداڵێك دەدات

:: AM:11:14:16/04/2026 ‌
لە دوای نمایشی سێركی شارێكی میسر و لە كاتی وێنەگرتندا، شێرێكی دەستەمۆكراو پەلاماری منداڵێك دەدات و زۆر بە سەختی برینداری دەكات. باس لەوە دەكرێ كە كەڵبەی شێرەكە بەشێوەیەك چووەتە جەستەی منداڵەكە، رووخساری شێواندووە و وەك پزیشكان دەڵێن، پێوستیی بە جوانكاری دەبێت.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، سێركی ناوچەی عەجووزە لە پارێزگای جیزەی باشووری میسر، رووداوێكی مەترسیداری بەخۆوە بینی كە شێرێكی دەستەمۆكراو لە دوای نمایشەكەی، خێزانێك ویستوویانە منداڵە سێ ساڵانەكەیان وێنە لەگەڵ شێرەكە بگرێت، بەڵام لە كاتی وێنەگرتنەكەدا شێرەكە پەلاماری منداڵەكەی داوە زۆر بەسەختی برینداری كردووە، دەستبەجێ گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.

باس لەوە دەكرێت كە پێشتریش كاتێك لە سێركدا نمایش تەواو دەبێت، لەبەرئەوەی گیاندارە دەستەمۆكراوەكان راهێنراون، خەڵكی تەماشاكار وێنەیان لەگەڵ دەگرن، ئەویش بە ئامادەبوونی راهێنەرەكەیان، وێنەی ئەو منداڵە سێ ساڵییەیش لەوكاتەدا بوو كە خێزانەكەی ویستوویانە بۆ یادگاری وێنە لەگەڵ شێرەكە بگرێت، بەڵام ئەو رووداوەی لێ كەوتەوە و رووخساری منداڵەكە بە كەڵبەی شێرەكە، بە تەواوی شێواوە، بۆیە پزیشكان ئاماژەیان داوە كە دوای چارەسەركردنی، منداڵەكە پێویستیی بە جوانكاریی دەبێت.

لە كاتی لێكۆڵینەوەدا لەگەڵ "لوبا حلو" كە راهێنەری شێرەكەیە، دووپاتی كردووەتەوە كە دڵنیایە لەوەی شێرەكەی دەستەمۆیە و خواردنی پێویستی پێ دراوە بەرلەوەی نمایشەكەی پێشان بدات، بۆیە پێشتریش چەندان جار خەڵكی تەماشاكار وێنەیان لەگەڵدا گرتووە و كێشەی نەبووە. ئێستەیش ئەو راهێنەرە بە 20 هەزار جونەیهی میسری دەستەبەری كراوە ئازاد كراوە.

باس لەوە دەكرێ كە لوبا حلو سەربە خێزانی حلوە كە خێزانێكی ناوداری میسرن و لە كۆنەوە ئەو جۆرە نمایشانە ئەنجام دەدەن. ئەو راهێنەرە دەكاتە كچی محەمەد حلو كە راهێنەرێكی ناوداری ئەو وڵاتەیە و نەوەی محاسن حلوە، ئەو خێزانە لە چەندان نمایشی سێركی نێودەوڵەتیدا بەشدارییان كردووە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د