دوو کەس لە شارۆکەی ڕزگاری بە فیشەک بریندار کران

:: PM:07:40:20/04/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 20ی نیسانی 2026، ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆکەی ڕزگارییەوە دوو برینداری فیشەک گەیەنرانە نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە شارۆکەی کەلار، بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری "وشە" لە كەلار، یەكێك لە بریندارەكان سەرمایەدار "ئەحمەدی حاجی فاتم"ـە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی سۆران محەمەد غەریب گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان کە دەست "وشە" کەوتووە، بە گوتەی بریندارەکان کە دانیشتووی شارۆکەی کەلارن، بەمەبەستی سەردانیکردنی نەخۆش چوونەتە شارۆکەی ڕزگاری، بەڵام لەوێ تەقەیان لێ کراوە و بریندار بوون، پاش وەرگرتنی چارەسەری پێویست، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە یەکێک لە بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراوە.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە و دەستی بە بەدواداچوون کردووە لەسەر چۆنیەتیی ڕووداوەکە، هاوکات بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادان، فەرمانی گرتن بۆ تۆمەتبارەکە دەرچووە و ئێستە پۆلیس لە هەوڵی گرتنی دایە.


وشە - پۆڵا مەحموود