ئەمڕۆ سێشەم 21ی نیسانی 2026، بورهان ئەحمەد دادوەر و ئەندامی دەستەی داواکاریی گشتی لە گەرمیان، ئاشکرای کرد کە بەهۆی کێشەیەک لەسەر 10 هەزار دینار، چوار کەس زیندانی کراون و نەوجەوانێکیش سزای دارایی دراوە.
دادوەر بورهان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، لەسەر 10 هەزار دینار، دوێنێ سێ کەس هەر یەکەیان بە پێنج مانگ و کەسێکی تر بە سێ مانگ زیندانی کران، هەروەها نەوجەوانێکیش بە بڕی 225 هەزار دینار پێبژاردنی بۆ کرا.
ئاماژەی بەوەش داوە کە هۆکاری کێشەکە ئەوە بووە کەسێک تەنیا 10 هەزار دینار قەرزی لای کەسێکی تر بووە، بەڵام بە چوار کەسەوە هێرشیان کردووەتە سەر قەرزدارەکە و بە تێڵا و پارچەئاسن سەریان بریندار کردووە.
ئەو دادوەرە پرسیار دەکات، کە مافت لای کەسێکە بۆچی لە ڕێی دادگاوە داوای ناکەیت؟ ئایا 10 هەزار دینار ئەوە دەهێنێت چەند کەسێکی دوو خێزان تووشی سزا ببن؟
لە کۆتاییشدا داوا لە هاووڵاتییان دەکات واز لە تووڕەیی و تۆڵەسەندنەوە بهێنن، بەژیرانە مامەڵە بکەن و شتی بچووک گەورە نەکەنەوە بۆ ئەوەی باجەکەی نەدەن.