تەنیا لە مانگێكدا لە توركیا 26 ژن كوژراون

:: AM:08:58:06/05/2026 ‌
لە  توركیا تەنیا لە مانگی نیساندا 26 ژن كوژراون و لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە 102 ژن كوژراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی "پلاتفۆرمی كوشتنی ژنان ڕادەگرین،" لە مانگی نیسان، 26 ژن توركیا بە شارە كوردییەكانیەوە بە دەستی پیاوان كوژراون و 23 ژنی تریش بە هۆكاری گوماناوی گیانیان لە دەست داوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە 102 ژن بە دەستی پیاوان كوژراون و 99 ژنی تریش بە هۆكاری گوماناوی گیانیان لە دەست داوە.

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، زۆربەی ژنەكان لەلایەن پیاوانی بنەماڵەكانیانەوە كوژراون. لەو 26 ژنە، 10ـیان لەلایەن هاوسەرەكانیان، دوویان لەلایەن ئەو هاوسەرەی لێی جیا بوونەتەوە، سێ ژنیان لەلایەن باوك، كوڕ و پیاوێكی ناسراویانەوە كوژراون، شەش ژنیشیان بكوژەكانیان نەناسراوەتەوە، 18 لە ژنەكانیش لە ماڵەكانی خۆیاندا كوژراون.

لە توركیا و باكوری كوردستان، هێشتا ژنكوشتن بەردەوامە و ساڵانە رێژەكەی لە زۆرینەی وڵاتانی تر زیاترە.

بەپێی ئامارەكان ژنكوشتن هۆكاری زۆری هەیە، بەشێكیان بەهۆی داخرانی كۆمەڵایەتی و بەشێكیشیان بەهۆی كێشەكانی ئابووری كە خەڵكی ئەو وڵاتەی پەرێشان كردووە.

ڕاپۆرتی پلاتفۆرمەكە دەریدەخات، ساڵی ڕابردوو 294 ژن لە توركیا كوژراون.









وشە - سۆران عەزیز