ئاسایشی هەولێر چوار منداڵ رزگار دەكات دوای ئەوەی تووشی چەوساندنەوە هاتبوون، ئەوەیش دوای كۆچی دوایی باوكیان كەسێك ستەمی لێ دەكردن.
ئەمڕۆ چوارشەم شەشی ئایار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر بڵاوی كردەوە، چوار منداڵ دوای كۆچی دوایی باوكیان، لەلایەن كەسێكەوە ڕووبەڕووی چەوسانەوە بووبوونەوە و دەست بەسەر ماڵ و سامانیاندا گیرابوو.
ئاماژە بەوەش كراوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایش، منداڵەكان ڕزگار كران و گەیەنرانە خانەی بێسەرپەرشتان، دایكیشیان بەهۆی نەخۆشییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا.
روون كراوەتەوە، بەداخەوە دایكیان دوای هەفتەیەك لە وەرگرتنی چارەسەر، گیانی سپارد، وەك ئەركێكی مرۆیی و دەروونی، منداڵەكانمان برد بۆ سەردانی مەزاری دایكیان تا بۆ دواجار ماڵئاوایی لێ بكەن.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئاماژەی بەوەش كردووە، ئێسە ئەم چوار گوڵە لە ئامێزی گەرمی خانەی منداڵانی بێ سەرپەرشتی هەولێرن، بۆیە بەڵێنیان پێ دەدەین كە چیتر بێنازی و ستەم لە ژیانیاندا دووبارە نەبێتەوە و دەبینە ئەو خێزانەی كە لێیان زەوت كراوە.