ئێستە لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵات بە هەرێمی كوردستانیشەوە كاتی تاقیكردنەوەكانی قوتابیانە، بۆ ئەوەیش جۆرێك لە ترس لە تاقیكردنەوە، خۆی بەسەر دۆخی قوتابیاندا داپۆشیوە. یان جۆرێك لە دڵەڕاوكێی بۆ بەشێكی زۆری قوتابیاندا دروست كردووە، جا بۆ ئەوەی قوتابی لە تاقیكردنەوەكاندا سەركەوتوو بێت و دەربچێت، پێگەیەكی عەرەبی چەندان رێنوێنیی خستووەتەڕوو كە پێویستە لەناو ماڵدا پێڕەو بكرێت.
پێگەی "
ئەهرام"ی میسری ئەمڕۆ دووشەم 11ی ئایار، ئەو رێنوێنییانەی بڵاو كردووەتەوە كە زۆر پێویستە باوك و دایكان لەم كاتە و لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا، بەرانبەر بە منداڵەكانیان ئەگەر قوتابی بن، جێبەجێ بكەن، ئەویش بە فەراهەمكردنی كەشێكی هێمن و تەندروست تا قوتابی بتوانێ با ئاسوودەیی بخوێنێت و ئاسانتریش زانیارییەكان وەربگرێت، دواتریش سەربكەوێت و بۆ قۆناغێكی تری خوێندن دەربچێت، بۆیە لێرەدا رێنوێنییەكان كە لەلایەن پسپۆرانی كۆمەڵایەتی و دەروونی خراونەتەڕوو، بڵاو دەكەینەوە.
پسپۆران باس لەوە دەكەن كە زۆر گرنگە باوك و دایكان بۆ منداڵە قوتابییەكانیان، بەرنامەی رۆژانەی هاوسەنگ دابنێن كە كاتەكانی خوێندن و پشوو و خەوتن لەخۆ بگرێت، ئەوەیش وا دەكات لە درێژەی تاقیكردنەوەكاندا قوتابی بە مێشكێكی ئاسوودەوە ئامادەی تاقیكردنەوە بێت. هەروەها هەوڵ بدرێ بەتایبەتی لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا، هێمنیی ناوماڵ بپارێزرێت و دوور بێ لە قسەكردن بە دەنگی بەرز و هاوار، تا قوتابی بتوانێ ئەوەی دەیخوێنێت، بە ئاسانی وەریبگرێت.
هەرچی پێیان دەكرێ باوك و دایكان بۆ خوێندن، منداڵی خۆیان بەراورد بە هاوڕێكانیان نەكەن كە هاوڕێكانیان لەوان باشترن بۆ خوێندن، چونكە لەوكاتەدا قوتابی باوەڕی بە تواناكانی خۆی نامێنێت و ترسی لەلا دروست دەكات. لەبری ئەوە هەوڵی ئەوە بدەن بە وشەی باش و نەرم و ئەرێنی و بەبێ پاڵەپەستۆكردن لەسەریان، هەڵسوكەوتیان لەگەڵ بكەن تا باوەڕ بە تواناكانیان بكەن.
هاوكات رێنوێنیی ئەوەش دەكەن كە بەتایبەتی لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا، هەرچی پێتان دەكرێ ژەمی باش و تەندروست بخەنە بەردەم قوتابیان، بۆ ئەوەی وزەیان زیاتر بێت و سەرنجیان باشتر بێت. هەروەها بۆ ئەو ماوەیە هەوڵی ئەوە بدەن لەناو ماڵدا كەمتر شاشە و تەلەڤزیۆن بەكار بهێنرێت، بۆ ئەوەی كەشێكی هێمنتر بۆ قوتابی فەراهەم بێت و زیاتر سەرنجەكانی بۆ خوێندنەكەی بچێت.