کرماشان دەبێتە دووەم مەترسیدارترین پارێزگای ئێران لە ڕێژەی خۆکوشتندا

:: PM:10:36:14/05/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی ئایاری 2026، بەرپرسانی کەرتی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئێران)، هۆشداریی توندیان دا لە بەرزبوونەوەیەکی مەترسیداری ڕێژەی خۆکوشتن، پارێزگاکەشیان بە دووەم مەترسیدارترین ناوچە لەسەر ئاستی وڵاتەکە لەم دیاردەیەدا وەسف کرد، هاوکات داوایان کرد بەپەلە ستراتیجیی خۆپارێزی بۆ چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی ئەم قەیرانە دابنرێت.

لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی (فارس)ـی ئێرانی لە زاری مەجید دەروێشی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە کرماشان گواستوویەتیەوە، ئاشکرای کرد کە داتاکان ئاماژەیەكی مەترسیدار دەدەن لەو حاڵەتانەی پێوەندییان بە بیرۆکە یان هەوڵی خۆکوشتنەوە هەیە، بە جۆرێک لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2024ـدا، ئەو هەوڵانە پێنج هێندە زیادیان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی دەستەکە، ڕێژەی خۆکوشتن لە کرماشان بەشێوەیەکی بەرچاو تێپەڕی کردووە لە تێکڕای نیشتمانی، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکە وەک (سەحنە، هەرسین و کەنگاوەر)، کە تێیاندا هەندێک ئامار گەیشتوونەتە دوو هێندە و نیوی تێکڕای گشتیی پارێزگاکە.

داتاکان پێشان دەدەن کە جیاوازییەکی ڕوون لەسەر ئاستی ڕەگەز و پیشە لە قەیرانەکەدا هەیە، بە جۆرێک پارێزگاکە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی لە هەوڵەکانی خۆکوشتن لە ناو ژناندا بەراورد بە پیاوان تۆمار کردووە. لە کەرتی تەندروستیشدا، حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە ڕیزەکانی پەرستاران و کارمەندانی پزیشکیدا لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا تۆمار کراون، کە بەرپرسان هۆکارەکەی بۆ ئەو "گوشارە دەروونییە توندە" دەگەڕێننەوە کە ڕووبەڕووی ئەو توێژانە دەبێتەوە.

شارەزایان لە پارێزگاکە، هۆکاری زیادبوونی ئەم حاڵەتانە دەبەستنەوە بە کۆمەڵێک فاکتەری ئاڵۆز و تێکەڵاو کە دیارترینیان بریتین لە:

گوشارە ئابوورییەکان: هەڵاوسانی خێرا، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و دابەزینی توانای کڕین، کە وایان کردووە گەنجان و چینی کرێکار هەست بە "نەهێشتنی هیوایەک بۆ داهاتوو" بکەن.

تێکچوونی دەروونی: نەبوونی پاڵپشتیی دەروونیی پێویست بۆ ئەو کەسانەی تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێی توند دەبن.

هۆکارە کۆمەڵایەتی و نەریتییەکان: پرسەکانی توندوتیژیی خێزانی و هاوسەرگیریی زۆرەملێ، لەگەڵ فراوانبوونی بۆشاییی چینایەتی.

وەک وەڵامێک بۆ ئەم دۆخە مەترسیدارە، دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی ڕایان گەیاند کە دەستیان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ئەتڵەسی خۆکوشتن" بۆ پارێزگاکە کردووە، کە ڕووپێوییەکی جوگرافی و کۆمەڵایەتییە و ئامانج لێی دیاریکردنی "خاڵە گەرمەکان" و ئەو ناوچانەیە کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە بۆ ئەوەی پاڵپشتیی خۆپارێزییان بۆ دابین بکرێت. سەرباری ئەوەی ئێران لە ڕیزبەندیی 128ـەمیندایە لەسەر ئاستی جیهان بۆ ڕێژەی خۆکوشتن، بەڵام ئەم بەرزبوونەوە خێرایەی کرماشان و ئیلام بووەتە جێی نیگەرانیی ڕێکخراوە مافپەروەرەکان کە داوای چارەسەری بنەڕەتی بۆ قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەکەن.


وشە - پۆڵا مەحموود