پۆلیسی هەولێر گرتنی بکوژی باوکێکی ڕاگەیاند

:: PM:02:47:22/05/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 22ی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد کە دوای ئاگادارکردنەوەیان لە ڕووداوێکی کوشتن لە درەنگانی شەودا (سەعات 1:30ی شەو)، دەستبەجێ تیمەکانی بەشی پۆلیسی بنەسڵاوە (بنکەی پۆلیسی کەسنەزان) گەییشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە تۆمەتبارێک بە ناوی (م. س. م)، بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە تەقەی لە باوکی خۆی بە ناوی (سەفیر موراد سابیر) کردووە و بەهۆیەوە باوکی دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە. پاشان هەمان تۆمەتبار تەقەی لە برایەکی خۆی بە ناوی (میران سەفیر موراد) کردووە و برینداری کردووە، کە ئێستە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، تیمەکانی پۆلیس لە ماوەیەکی پێوانەیی کورتدا توانییان تۆمەتباری ناوبراو بگرن. لە ئێستەشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان.


وشە - پۆڵا مەحموود