نەتەوە یەكگرتووەكان: هاوسەرگیریی منداڵان بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد بووە

:: PM:03:23:31/05/2026 ‌
گوتەبێژی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕای گەیاند، هاوسەرگیریی منداڵان لەو ناوچانەی شەڕی تێدایە بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد بووە، ئەم دیاردەیەش وەك یەكێك لە دەرئەنجامە نالەبارەكانی قەیرانە مرۆییەكان و ململانێ بەردەوامەكان هەژمار دەكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 31ی ئایار، ستێفان دوجاریك گوتەبێژی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر دۆخی هاوسەرگیریی پێشوەختە لە ئەفغانستان، یەمەن و غەزەدا زانیاریی خستە ڕوو.

ستێفان دوجاریك ڕای گەیاند، هاوسەرگیریی منداڵان لەو ناوچانەی شەڕی تێدایە وەك غەزە، یەمەن و ئەفغانستان، بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون كردووە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ كاریگەریی شەڕ و بارودۆخی سەختی مرۆیی لەسەر ژیانی ژنان لەم ناوچانەدا.

ئاماژەی بەوەش كرد، هۆكاری سەرەكیی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیریی كچانی خوار تەمەنی یاسایی دەگەڕێتەوە بۆ نائارامی، هەژاری، بێكاری و قەیرانی دارایی.

دامەزراوەكانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، پێشتر چەندان جار هۆشدارییان دابوو كە بەهۆی كێشە قورسەكانی گوزەرانەوە، هەندێك لە خێزانەكان ناچار دەبن پەنا ببەنە بەر هاوسەرگیریی پێشوەختەی كچانی منداڵ، یان بەخشینیان لە بەرانبەر وەرگرتنی پارەدا، ئەمەش نیگەرانیی گەورەی لەسەر بنەماكانی مافی مرۆڤ دروست كردووە.



وشە - سۆران عەزیز