خەڵكانێك بەناوی جادوو و چاككردنی پێوەندیی كۆمەڵایەتی و ژیانی تایبەتی و وێنەی كەسیی لە ژنان و پیاوان وەردەگرن، بەڵام ئەمە نەك كێشەكانی چارەسەر نەكردووە، بەڵكو بووەتە هەڕەشە لەسەر چەندان خێزان.
ئەمڕۆ شەموو شەشی حوزەیران، سەفین تاهیر بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، ساحیر و فێڵبازەكان هاتوون و بە ناوی سیحر و جادوو و چارەسەری كێشە، ژەهر دەڕێژننە ناو خێزانەكانمان.
زیاتر گوتی، ئەوان نەك هەر كێشەكان چاك ناكەن، بەڵكو بە دزینی وێنە و زانیارییە تایبەتییەكانیان، خەڵك دەكەنە قوربانیی سەرانەسەندن و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەكان دەكەن.
روونی كردەوە، ئەنجامی متمانەكردن بەم تەڵەكەبازانە تەنیا یەك شتە، ئەویش سەرهەڵدانی كێشەی گەورە، نەهامەتی و تێكچوونی شیرازەی خێزان.
روونی كردەوە، پێویستە ژنان و پیاوان هۆشیاربن و هەرگیز بۆ چارەسەری كێشەكانیان پەنا بۆ ئەو شتانە نەبەن.