بەپێی گوتەی سەرچاوەیەكی تەناهی لە بەغدا، ئەفسەرێك بە پلەی "عەمید" لە ناو ماڵەكەی خۆی گیانی لە دەست داوە، لە لێكۆڵینەوەدا دەركەوتووە حەبی وزەی سێكس "ڤیاگرا" قوڕی كردووەتە سەری و بەهۆیەوە گیانی لە دەست داوە.
بەپێی گوتەی ئەو سەرچاوە تەناهییە كە قسەی بۆ پێگەی
"شەفەق نیوز" كردووە و گوتوویەتی، دوێنێ لە گەڕەكی یەرمووك و ناوەندی بەغدای پایتەختی عێراق، ئەفسەرێك بە پلەی "عەمید" لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەناو ماڵەكەی خۆی گیانی لە دەست داوە، لەبەرئەوەی گومان لە مردنەكەی هەبووە، بۆیە لێكۆڵینەوەی رژد كراوە و دەركەوتووە هۆكارەكەی بەكارهێنانی حەبی "ڤیاگرا" بووە.
سەرچاوەكە زیاتر روونی كردووەتەوە، لە كاتی مردنی ئەو ئەفسەرە، ئافرەتێك لە ماڵەكەیدا بووە، پۆلیس نەیویستووە هیچ زانیارییەك لەسەر ئافرەتەكە ئاشكرا بكات و پێوەندیی لەگەڵ ئەفسەرەكە چی بووە، تەنیا بەپێی گوتەی ئافرەتەكە، ئەفسەرەكە ڤیاگرای بەكار هێناوە. لە لێكۆڵینەوەدا ئاشكرا بووە هەر ئەوەیش بووەتە هۆی مردنی.
دووپات كراوەتەوە كە لایەنی پێوەندیدار ئامادە نەبووە هیچ لەبارەی ئافرەتەكە ئاشكرا بكات و لێكۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەكە دەكرێت.