ئانۆ جەوهەر لەبەردەم 26 وڵاتدا: كوردستان بووەتە ماڵی هەمیشەیی مەسیحییەكان

:: PM:06:28:18/06/2026 ‌
ئانۆ جەوهەر عەبدۆكا وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سكرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەشداریی لە كارەكانی 33مین خولی كۆبوونەوەی گشتیی كۆمەڵەی نیابی نێودەوڵەتی بۆ ئۆرسۆدۆكس، كە لە هێلسینكیی پایتەختی فینلەندا لەژێر دروشمی "كۆمەڵگە و كەمینە مەسیحییەكان لە كاتی تەنگژەكاندا، پێوەندییەكانی نێوان كۆمەڵگە، دەوڵەت و كەنیسە.. تەحەددییات و ناخۆشییەكان" بەڕێوەچوو كرد.

عەبدۆكا لە گوتارێكدا كە لەبەردەم نوێنەرانی زیاتر لە 26 وڵات و ژمارەیەك لە سەركردەكانی كەنیسە و كەسایەتییە سیاسی، حكومی و پەرلەمانییەكانی دنیا پێشكەشی كرد، باسی لە واقیعی مەسیحییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەزموونی خۆڕاگریی كۆمەڵگە مەسیحییە ڕەسەنەكان كرد و دووپاتی لەوە كردەوە كە یەكێك لە دیارترین وێنەكانی ئەم خۆڕاگرییە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستاندا بەرجەستە دەبێت.

عەبدۆكا گوتی، رەنگە مەزنترین وێنەی ئەم خۆڕاگرییە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان بەدیار بكەوێت، كاتێك تاریكستانی داعش ناوچەكەی داگیركرد و كۆمەڵگەكان بەتەواوی ڕووبەڕووی مەترسیی جینۆساید و ڕیشەكێشكردن بوونەوە، كوردستان دەرگاكانی بەڕووی ئەو كەسانەدا كردەوە كە لە توندوتیژی و تیرۆر ڕایانكردبوو، بێ جیاوازی لەسەر بنەمای ڕەگەز و ئایین، زیاتر لە 120 هەزار مەسیحی پەنایان بۆ هێنا، كە هیچ شتێكیان پێ نەبوو جگە لە ئیمان، یادەوەری و هیوای دۆزینەوەی شوێنێكی ئارام.

هەروەها گوتی، سەركردەكانی هەرێمی كوردستان لەو قۆناغە چارەنووسسازەدا لەپاڵ هاووڵاتییانی مەسیحی وەستان و ئاماژەی بەو هەڵوێستە كرد كە سەرۆك بارزانی گرتیەبەر، كە بە هەڵوێستێكی ئەخلاقی و مێژوویی وەسفی كرد كە مەسیحییەكان هەرگیز لەبیری ناكەن.

دووپاتی لەوە كردەوە كە سەرۆك بارزانی وەك میوان یان بارگرانی سەیری ئاوارە مەسیحییەكانی نەكرد، بەڵكو وەك هاوبەشێكی یەكسان لە نیشتماندا سەیری كردن.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا سەبارەت بە واقیعی ئەمرۆی مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستان، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ستایشی ئەو دیدگایەی كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران پێڕەوی دەكات و دووپاتی كردەوە كە ئەم دیدگایە لە چەمكی پاراستن تێدەپەڕێت بۆ چەمكی بەهێزكردن و گەشەسەندن.

ئاماژەی بەوە كرد كە ئەم دیدگایە لە ڕێگەی چەندان سیاسەت و دەستپێشخەریی كردارییەوە بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران بەرجەستە دەبێت، لەوانە پاڵپشتیكردنی بنیادنانی كەنیسە و دامەزراوە كەنیسەییەكان و تەرخانكردنی زەوی بۆیان، جگە لە بەردەوامبوونی زیاتر لە 50 قوتابخانەی حكومیی سریانی لە پێشكەشكردنی پەیامی پەروەردەیییان بۆ زیاتر لە شەش هەزار قوتابی بە زمانی سریانی (كلدانی و ئاشووری)، لەپاڵ ئەو ڕۆڵەی كە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی دەیگێڕێت لە پاراستنی كەلەپووری سریانی و پەرەپێدانی هۆكاری نوێ بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیی نەوەكان پێیەوە.

هەروەها ئاماژەی بە دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوون بۆ گەنجانی مەسیحی كرد وەك پاڵپشتییەك بۆ مانەوەیان لە نیشتمانەكەیان، و بەشداریی مەسیحییەكان لە ژیانی گشتی و دامەزراوە حكومییەكاندا، هاوكات لەگەڵ چاكسازییە ئابوورییەكان و پڕۆژەكانی ژێرخان و وەبەرهێنان كە ئامانجیان دابینكردنی داهاتوودایەكی شایستەیە بۆ گەنجان لە ناوخۆی وڵاتەكەیاندا.

عەبدۆكا باسی لە عەنكاوە كرد و گوتی، عەنكاوە، شارەكەی من، كە لە ساڵی 1991دا تەنیا دوو كەنیسەی تێدابوو، ئەمڕۆ و لە سایەی واقیعی نوێدا بە پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 17 كەنیسە و دامەزراوەی كەنیسەیی تێدایە، لەگەڵ زانكۆ و نەخۆشخانە و چەندین قوتابخانە و كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوون و خانەی بەساڵاچووان و دامەزراوەی ئابووری تری سەر بە كەنیسە.

ئەم كۆنگرەیە كە نوێنەرانی حكومەتەكان، سیاسییەكان، پەرلەمانتاران و سەركردەكانی كەنیسە لە زیاتر لە بیست و شەش وڵاتەوە تێیدا بەشداربوون، ئامادەیییەكی بەرچاوی ڕۆژهەڵاتی بەخۆیەوە بینی، و ژمارەیەكی بەرچاوی 
 
بەشداربووان لە گفتۆگۆكان سەرسامی و گرنگیپێدانی خۆیان بۆ ئەو ئەزموونە دەربڕی كە هەرێمی كوردستان لە بواری هەمەجۆریی ئایینی، پێكەوەژیان و گەشەپێدانی بەردەوامدا پێشكەشی كردووە، و وەك مۆدێلێكی بێوێنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیریان كرد كە شایانی لێكۆڵینەوە و سوودوەرگرتنە بۆ بەهێزكردنی كولتووری پێكەوەژیان و پاراستنی كۆمەڵگە مەسیحییە ڕەسەنەكان لە ناوچەكەدا.



وشە - وشه‌