ماڵباتی یاد سەرباز هاتنە دەنگ

:: PM:07:23:20/06/2026 ‌
لەسەر كەیسی ئەو منداڵەی كە لە بناری قەندیل ونبوو، دوای ماوەیەكی زۆر بە پارچە پارچەكراوی دۆزرایەوە، ماڵباتەكەی روونكردنەوەیەكیان بۆ رای گشتیی بڵاو كردەوە و دەڵێ‌، چاوەڕێی ئەنجامی پشكنینەكانی دی ئێن ئەی دەكەن. 

دەگوترێ، یاد سەرباز ئەو منداڵە بووە بوو كە لە جەژنی قوربان كاتێك لەماڵی باپیری بوو، دیار نەما، دوای گەڕانێكی زۆر لە شوێنێكی دوورە دەست تەرمی منداڵێك بە پارچە پارچەكراوی دۆزرایەوە، هەروەها دەگوترێت خاڵی یاد لەسەر ئەو رووداوە گیراوە، بەڵام هێشتا هۆكارەكەی بە تەواوی روون نییە. 

ئەمڕۆ شەموو 20ی حوزەیران، دانیشتوانی هەردوو بنەماڵە و گوندی "كۆیلێ و ئێنزێ" لە راگەیەندراوێكدا بڵاویان كردەوە، دوای ئەنجامدانی دوو دانیشتنی هاوبەش، بڕیاریان داوە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە پێكەوە خەم و سۆراغی دۆزینەوەی منداڵەكەیان لە ئەستۆ بگرن.

خزمانی هەردوو گوندەكە دووپات دەكەنەوە كە ئەوان هێشتا بە ئومێدی ئەوەن منداڵەكەیان لە ژیاندا مابێت و سەلامەت بێت، بەڵام هاوكات بەڵێن دەدەن كە بە هیچ شێوەیەك كۆڵ نادەن و لە كەیسی ونبوونی منداڵەكەیان بێدەنگ نابن، هەر كەسێكیش بە هەر شێوازێك دەستی لەم بابەتەدا هەبێت، رووبەڕووی یاسای دەكەنەوە.

ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئەوان چاوەڕێی راپۆرتی كۆتایی پزیشكی دادی و دوایین ئەنجامی پشكنینەكان و تاقیكردنەوەی دی ئێن ئەی (DNA) دەكەن بۆ یەكلاكردنەوەی كەیسەكە.

"وشە" پێوەندی بە كەسێكی نزیك لەو ماڵباتەوە كرد، دووپاتی كردەوە كە چاوەڕێی ئەنجامی پشكنینەكان دەكەن و ئێستە هیچ قسەیەك لەوبارەیەوە ناكەن. رەتیشی كردەوە كە هیچ كێشەیەك لە نێوان هەردوو ماڵباتەكە واتە ماڵی دایكی یاد و باوكی یاد سەرباز هەبووبێت. 



وشە - وشه‌