سەتان هاووڵاتیی دانیشتووی شارۆكەی ئەلخزری سەربە پارێزگای موسەننا، ئەمڕۆ یەكشەم ڕژانە سەر شەقام و داوای چارەسەری دەسبەجێی تەنگژەی كارەبایان دەكرد، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دانەوەی سەعاتەكانی كارەبا زۆر كەمی كردووە.
قەیس عەلی هاووڵاتییەكی ناوچەكە و یەكێك لە خۆپێشاندەران، بۆ "
بەغداد ئەلیەوم" گوتی، خۆپێشاندانێكی ئاشتییانەمان بۆ ناوەندی سەرەكی بەڕێوەبردنی دۆسیەی كارەبا ئەنجام داوە و داوای چارەسەری خێرا و بە پەلە بۆ تەنگژەی كەمی كارەبا دەكەین، كە گوشارێكی زۆری لەسەر ژیانی هەزاران هاووڵاتی دروست كردووە و بەو گەرمایە لە دۆخێكی خراپ ژیان بەسەر دەبەن.
زیاتر گوتی، سەعاتەكانی پچڕانی كارەبا زۆر زیادی كردووە و زۆرجار چوار تا پێنج سەعات لە ساتی گەرما كارەبا دەبڕێت، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە پلەكانی گەرما بە ڕۆژ بە تایبەت زۆر زیاتر بەرز بووەتەوە و بەرزتریش دەبێتەوە.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد، ئەو خۆپێشاندانەی ئەمڕۆ سەرەتایە و لە ڕۆژانی داهاتوو دەبێتە مانگرتنێكی فراوان و كراوە، چونكە شارۆكەی ئەلخزر لە دۆخی كوڵانی خەڵكیدایە، بەهۆی بەردەوامی تەنگژەی كارەباوە.
هاوكات خۆپێشاندەران پرسیاریان لە بەڵێنەكانی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق دەكرد كە بەردەوام بەڵێنی باشكردنی كەرتی كارەبایان داوە، لە كاتێكدا ئەمڕۆ زۆرترین دۆسیەی گەندەڵی و مافیاگەری و دزین و بەهەدەردانی پارەی گەلی بە بیانووی دەستەبەركردنی كارەبا بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە، گرتنی ئەمدواییەی بەرپرسان سەلمێنەری گەورەی قەبارەی گەندەڵییە لە وەزارەتی كارەبادا.