ئەمڕۆ دووشەم 22ی حوزەیرانی 2026، عەبدولەتیف ئەحمەد ناسراو بە عەبدولەتیف سەلەفی، لە ڕێگەی پەیامێکی حەوت خاڵییەوە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاراستەی کراون، سەبارەت بە هەڵخەڵەتاندن و گێچەڵکردن بە چەند قوتابییەکی کچ لە کۆلێژ.
لە سەرەتای پەیامەکەیدا، عەبدولەتیف سەلەفی سوێند دەخوات کە ئەو تۆمەتانە درۆ و بوختانن، و دەڵێت، ئەوەی ڕووی داوە تەنیا ڕەفتارێکی کەسی نەبوو، بەڵکوو هەڵمەتێکی بەرنامەبۆداڕێژراو و ڕێکخراوە کە چەند تۆڕێکی پیس لە دەرەوە دەیبەن بەڕێوە کە هەڵگری بیری داعشی و ئیلحادین. ئاماژەی بەوەش داوە کە لە ناوخۆشدا کەسانێک هەن نهێنیی هەندێک کچیان لایە و وەک کارتی گوشار بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی بوختانی پێ بکەن و هەڕەشەی ئابڕووبردنیان لێ دەکەن ئەگەر شایەتیی لەسەر نەدەن.
ناوبراو ڕەخنە لە بێدەنگیی دەسەڵاتداران دەگرێت و سەرسوڕمانیی خۆی دەردەبڕێت لەوەی بێدەنگییان هەڵبژاردووە لە بەرانبەر ئەو هەڵمەتانەی کە لەلایەن کەسانێکەوە ئاراستە دەکرێن کە بەئاشکرا کافریان دەکەن و خەڵک لە دژیان هان دەدەن. هەروەها گلەیی لە هەندێک ماڵپەڕ و سەکۆی ڕاگەیاندنی سێبەر دەکات کە بوونەتە مینبەرێک بۆ بڵاوکردنەوەی بوختانەکان.
سەبارەت بە کۆلێژەکەشی، پەیامێک ئاراستەی دەستەی مامۆستایان و قوتابییان دەکات و دەڵێت، ئەم فێڵە تەنیا کەسایەتیی من نا، بەڵکوو ناوبانگ و پێگەی کۆلێژەکە و ئێوەشی کردووەتە ئامانج. دووپاتیشی دەکاتەوە کە سەرۆک بەشەکان شایەتی ئەوەن کە زۆرینەی قوتابییان داوایان کردووە ئەو وانەیان پێ بڵێتەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عەبدولەتیف سەلەفی داوا لە دەسەڵاتی دادوەری دەکات بەپەلە و بە دادپەروەری مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا بکات، و ئامادەییی خۆی پێشان دەدات بۆ چوونە بەردەم دادگا. دەشڵێت، دادپەروەری لەوەدا نابینم لە ژوورێکی داخراودا بێ ئاگاداریی کەسوکاریان و بێ ئامادەبوونی من درۆ و بوختانم بۆ هەڵببەستن، بەڵکوو دادپەروەری ئەوەیە ئەگەر کەسێک سکاڵای هەیە، بەئاشکرا و بە ئامادەبوونی باوکی ڕووبەڕووم ببێتەوە و لە دادگادا یەکلا بکرێتەوە.