خورشید و براكەی لەلایەن پۆلیسەوە گیران، لەبارەی هۆكاری گیرانەكەیان پۆلیس دەڵێت، چەندان سكاڵایان لەسەر هەبوو.
ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی تەمووز، لە راگەیەنراوێكی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا هەردوو تاوانبار خورشید لەتیف و حەیدەر لەتیف بوونە هۆكاری ئاژاوەنانەوە و كێشە، دەستدرێژیكردنە سەر موڵك و ماڵی هاووڵاتییان و موڵكی گشتی، شەهیدكردنی پێشمەرگەیەك و هاووڵاتییەك، سووتاندنی كەلوپەلی سەربازیی هێزەكانی پێشمەرگە، هاندانی خەڵك دژی یاسا و سەقامگیریی گشتی، ڕێگریكردن لە پڕۆژەكانی حكوومی، هەڕەشەكردن بە تێكدانی ژێرخانی ئابووری لە شوێنی جیاجیای قەزای خەبات، هەروەها دوای هەبوونی سكاڵا لە دژیان لەلایەن هاووڵاتییانەوە، ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی دادگا هەردووكیان گیران و لە ماوەی داهاتوو لەسەر تاوانەكانیان دادگایی دەكرێن.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، لێرەدا هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە كە سەر و ماڵیان پارێزراوە و یاسا سەروەرە و ڕێگە بە هیچ تاوانبارێك نادرێ ئاسایش و ئارامی وڵات تێكبدات و ئاژاوەگێڕی بكات.