سەرۆکی حكوومەت: کازم شانەدەری هەموو ژیانی لە پێناو بەرگریکردن لە کوردستان بەخت کرد

:: PM:10:37:05/07/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم پێنجی تەمووزی 2026، مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا ڕای گەیاندووە، بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کازم مستەفا ئۆمەر ناسراو بە کازم شانەدەری بیستووە، کە پێشمەرگەی کۆماری کوردستان و هەڤاڵی بارزانیی نەمر بووە بۆ یەکێتیی سۆڤیەت و بەشداری لە هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا کردووە.

لە پەیامەکەیدا مەسروور بارزانی دووپاتی کردەوە، کازم شانەدەری خەباتکارێکی دێرین و تێکۆشەرێکی قارەمان و ناسراوی کوردستان بوو، کە هەموو ژیانی خۆی لە پێناو بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بەخت کرد.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی حكوومەت پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی ئاراستەی بنەماڵە تێکۆشەرەکەی و هەڤاڵ و دۆستەکانی کرد و هاوخەمیی خۆی بۆ دەربڕین، و هیوای خواست خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەمووان ببەخشێت.


وشە - پۆڵا مەحموود