ئەمڕۆ یەکشەم پێنجی تەمووزی 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرین و تێکۆشەری دیاری کوردستان، کازم شانەدەری ڕاگەیاند.
لە پەیامەکەدا هاتووە، کۆچکردوو هەڤاڵی بارزانیی نەمر بووە لە کۆماری کوردستان و لە کاروانە مێژووییەکەی بۆ سۆڤیەتی پێشوو. سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشیی خۆی پێشکەش بە بنەماڵە و کەسوکاری کردووە و خۆی بە هاوسۆز و هاوخەمیان زانیوە، و لە خوای مەزن داواکارە گیانی بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەمووان ببەخشێت.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە کە کازم شانەدەری نموونەی مرۆڤێکی قوربانیدەری نیشتمانپەروەر و پاک و دڵسۆزی کورد و کوردستان بوو، کە لە شۆڕشەکانی کوردستاندا لەگەڵ هاوڕێ و هاوبیر و هاوسەنگەرانیدا، هەموو ژیانی خۆی لە پێناو ماف و دۆزی ڕەوا و سەرفرازی و ئازادیی گەلەکەیدا بەسەر برد و لەو ڕێگەیەدا ڕەنج و ماندووبوون و زەحمەتێکی زۆری کێشا.