كچێكی 23 ساڵان نزیكەی دوو ملیۆن دۆلاری خەڵكی دەربەندیخان دەخوات

:: PM:07:05:14/07/2026 ‌
كچێكی تەمەن 23 ساڵان /ناوەكەی لای "وشە" / پارێزراوە، لە ڕێی فێڵكردن نزیكەی دوو ملیۆن دۆلاری چەند كەسێك لە دەربەندیخان دەخوات و ئێستە گیراوە. 

"وشە" بەدواداچوونی لەسەر ئەو پرسە كرد و چەند زانیارییەكی سەرەتایی دەستكەوت كە كچێكی تەمەن 23 ساڵی بە ناوی كڕینی ئامێری لێزەر و دانانی سەنتەری جوانكاری، پارە لە چەندان كەس لە سنووری دەربەندیخان وەردەگرێت، بەڵام دوایی ئاشكرا دەبێت كە ئەو فێڵی كردووە. 

سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە"ی گوت، تا ئێستە باس لە /بە زمانی بازاڕ 150 دەفتەر دۆلار تا 198 دەفتەر دۆلار/ دەكرێت كە كچەكە وەری گرتووە، بەڵام ماوەتەوە كە دادوەری لێكۆڵینەوە ئەوە یەكلا بكاتەوە. 

چیرۆكەكە بەمشێوەیە بووە، كچەكە گوتوویەتی ئامێری لێزەر دێنێتە سنوورەكە و قازانجی زۆری هەیە، بەوهۆیەشەوە خەڵكێكی زۆر كە هەیە /پێنج دەفتەر دۆلار تا 15 دەفتەر دۆلار/ی داوەتە كچەكە، بەڵام نە ئامێر هاتووە و نەهیچ تەنیا هەندێك مانگ وەك قازانج هەزار دۆلاری داوەتە هەندێك لەو كەسانەی پارەیان پێداوە. 

ئێستە كچەكە گیراوە، چەند كەسێكیش لەوانەی پارەیان داوە گیراون، چونكە دادوەری لێكۆڵینەوە گوتوویەتی، دەبێت بزانین بنەڕەتی كێشەكە چییە و ئەو پارەیە لە كوێ‌ هاتووە. 

لەماوەی رابردوودا چەندان حاڵەتی لەمشێوەیە لەو سنوورە روویداوە، بەڵام دواتر لەڕێی دادگاوە یەكلا كراونەتەوە.


وشە - وشه‌