ئەمڕۆ یەکشەم 26ی تەمووزی 2026، دوای کوژرانی هاووڵاتییەک لەناو مزگەوتی تەقوا لە شارۆکەی کەلار، زانیاریی نوێ لەسەر ڕووداوەکە ئاشکرا بوون.
بەپێی زانیارییەکان، بکوژەکە هاوەڵزاوای کوژراوەکەیە و پێشتریش کێشەی کۆمەڵایەتی و سکاڵای یاسایی لەنێوانیاندا هەبووە.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ماوەیەک پێش ئێستە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، بکوژ و کوژراو سکاڵای یاساییان لەسەر یەکتر تۆمار کردبوو و دۆسیەکەیان هێشتا لە دادگا بووە.
هاوکات، چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە کەسوکاری کوژراوەکەوە، ڕایان گەیاندووە کە تەقەکەرەکە هاوەڵزاوای کوژراوەکەیە.
شایەتحاڵێکی نێو مزگەوتەکەش بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕووداوەکە دوو بۆ سێ خولەک دوای نوێژی عیشا بووە و تەقەکەرەکە لە دەرەوەی مزگەوتەکە چاوەڕوانی کوژراوەکەی کردووە. ئەو شایەتحاڵە گوتیشی، دوای ئەوەی گوێم لە دەنگی تەقەکان بوو، بەخێرایی هاتمە دەرەوە و تەقەکەرەکەم بینی کە کڵاشینکۆفێکی پێ بوو و ڕایدەکرد.