زۆرێك لە مرۆڤەكان، بەتایبەتی لە كۆمەڵگەی كوردی گرنگییەكی زۆر لە توانای سێكسی دەدەن و تەندروستیی سێكسی لەپێش هەموو شتێك دادەنێن، هاوكات بەهۆی وەرزشنەكردن و كەمجووڵانەوە و زۆری و ناتەندروستیی خۆراكیان، زۆرێكیان ورگیان هەیە و بەدەستییەوە دەناڵێنن، پزیشكێك ئاماژە دەكات كە پێوەندییەكی پێچەوانە لە نێوان و رگ و توانای سێكسیدا هەیە.
د. جەمال شەعبان، عەمیدی پێشووی پەیمانگەی دڵ لە میسر رووناكی دەخاتە سەر مەترسییەكانی چەوری سك و ورگ بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ بە گشتی و لایەنی سێكسی بەتایبەتی، ئەو دەڵێت، چەوری سك بە نەرێنی كار لە توانای سێكسی مرۆڤ دەكات.
روونی دەكاتەوە، لە حاڵەتی زیاتربوونی ئەستووری چەوری سك لە پیاو لە 100 سم و هی ژنیش 90 سم، دۆخەكە دەكەوێتە مەترسیداری و كاریگەریی نەرێنییەوە، ئاماژەی كرد، هاوكات چەوری سك رێخۆشكەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و كاریش لە توانای وەچەخستنەوە و توانای سێكس دەكات و هیچ جۆورە سوود و جوانییەكی تیادا نییە وەك هەندێك وا دەزانن.
قەڵەوی جۆری هەیە، كەسانێك بنیاتی لەشیان وایە و بۆماوەییە كە قەڵەون و قەڵەوییەكەیان ئاسایی نییە، رەنگە ئەوانە زەحمەتتر كێشیان دابەزێت، بەڵام لەوانەی بەهۆی زۆری خۆراك یان جۆری ناتەندروستی خۆراك یان وەرزشنەكردن و كەمجووڵانەوە و شێوازی هەڵەی ژیان و ناتەندروستی خۆراك تووشی دەبن، پێویستە خۆیان رێك بخەن و وەرزش بكەن و خۆراكی تەندروست بخۆن.
هەركەسێك بۆ چۆنیەتی لابردنی ورگ و خۆلاوازكردنەوە دەتوانێت پرس بە پزیشكی شارەزا یان شارەزایانی خۆراك و راهێنەرانی وەرزش بكات، بەگشتی هەندێك رێنوێنی هەن دەتوانین جێبەجێیان بكەیت، لەوانە نەخواردنی ژەمی قورس لەدوای مەغریب، رێكخستنی ژەمەكان، كەمكردنەوەی شیرینی و ئاردی سپی و خواردنەوەی شیرینكراو، زۆرخواردنی پرۆتین و خواردنەوەی بڕێكی باشی ئاو، خواردنی ماست و پەنیر و سەڵاتە و گۆشتی ماسی، دووركەوتنەوە لە چەوری ئاژەڵ.