كۆلێرا بەفراوانی لە هەولێر بڵاو دەبێتەوە

:: PM:12:09:21/09/2023 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر رای دەگەیەنێت، تووشبوون بە كۆلێرا لە هەولێر گەیشتە 221 تووشبوو، بۆیە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدرێ و بڕیار دەدرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی ئەیلوول، دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، نەخۆشخانەكانی هەولێر لە پێدانی چارەسەر بەردەوامن، تا ئێستە 221 حاڵەتی پەتای كۆلێرا لە هەولێر تۆمار كراوە.

زیاتر گوتی، بەپێی ئەو ئامارە بێت، ئەمە مانای ئەوەیە رۆژانە حاڵەتەكان روو لە زیادبوونە، بۆیە بە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی تەندروستیی هەولێر، گشت رێكارە تەندروستییەكان گیراوەتەبەر.

روورنی كردەوە، بۆ رێگریی لەو پەتایە، پێویستە نەك تەنیا لە كەرتی تەندروستی، بەڵكو دەبێت لە هەموو كەرتەكاندا كار لەسەر كەمكردنەوەی بكرێت، بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و سەرچاوەكانی ئاو، كە كاریگەرییەكی زۆری دەبێت لەسەر ئەم پەتایە.

باسی لەوەش كرد، بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی لایەنە پێوەندیدارەكان لەبارەی ئەو بابەتە بكرێت و لەوێ‌ بڕیاری پێویست دەدرێت.

ماوەی مانگێكە كۆلێرا لە هەرێمی كوردستان بڵاو بووەتەوە، لە سەرەتادا سنووری سلێمانیی گرتەوە و لە ئێستە لە هەولێریش بەفراوانی بڵاو بووەتەوە.



وشە - رامیار جەواد