زۆرجار لە ماركێتەكان دێتە پێش چاوت و رەنگە سەرنجت رانەكێشێت و لە لیستی ئەو خۆراكانە نەبێت كە بە گرنگی دەزانیت، بەڵام لە رووی زانستی و تەندروستییەوە گرنگی گەورەی هەیە، زەعفەران، بۆنێكی خۆش چێژێكی تفت و تاڵی هەیە، بەهۆی بۆن و بەرامەكەیەوە لە ئامادەكردنی خۆراك بەكاردێت، بۆ رەنگكردنی شیرینی و وەك بەهاراتیش بەكار هاتووە.
زەعفەران وەك دەرمانێكی گیایی دژ بە گرژیی و باكردنی سك بەكاردێت، لە كۆنەوەی بۆ چارەسەری هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە بەكارهاتووە، جیا لە نەهێشتنی كۆكە و كاریگەرییەكانی سەرمابردوویی و تای پەمبە و سۆریكە و شێرپەنجە و كەمیی ئۆكسجین و هەناسەتەنگی، بەگشتی ئەم سوودانەی هەیە.
*تەواوكەری خۆراك و دژەئۆكسێنەرە، پێكهاتەكانی زەعفەران دژە ئۆكسێنەرێكی بەهێزن و لەش لە كاریگەریی زیانبەخشی رەگە ئازادەكان دەپارێزن، هاوكات وەك تەواوكەرێكی گرنگی خۆراك كار دەكات.
*دژی شێرپەنجەی قۆلۆنە، بەهۆی پێكهاتەكەیەوە كە دژەئۆكسێنەرێكی بەهێزە، رۆڵی لە رووبەڕووبوونەوەی زیانەكانی رەگە ئازادەكان هەیە، كە هۆكاری دەركەوتنی نەخۆشییە درێژخایەنەكانن وەك شێرپەنجە، بەتایبەتی شێرپەنجەی قۆلۆن.
*یارمەتی كەمكردنەوەی خواستی خواردن دەدات، بۆیە هۆكارێكی ناراستەوخۆی كەمبوونەوەی كێشە.
*كاریگەرییە نەرێنییەكانی پێش سووڕی مانگانە ناهێڵێت، وەك كاریگەرییە دەروونی و سۆزداری و جەستییەكان.
*دژە خەمۆكییە و وەك دەرمانێكی بێ كاریگەری لابەلا كار دەكات.
ئەوەی گرنگە كە مرۆڤ دەتوانێت رۆژانە تا كەمتر لە 1.5 گرام زەعفەران بخوات، بەڵام لە حاڵەتی بڕەكە گەیشتە سەرووی پێنج گرام، رەنگە ببێتە ژەهر و زیانی گەورە بە لەش بگەیەنێت.