نەخۆشی شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان، چەند جۆرێكی هەیە، كاریگەری نەرێنی و زیانبەخشی هەیە و بەردەوامە، بەڵام چارەسەری وای هەیە دەتوانرێت لە سنووری ئاسایی بمێنێتەوە، گەورەترین كێشەی ئەوان چۆنیەتی مامەڵەكردنە لەگەڵ شەكر و شیرینی و كاربۆهیدرات لە خۆراكدا.
د. ئوسامە حەمدی، مامۆستای نەخۆشییەكانی هەناو شەكرە لە زانكۆی هارڤارد دەڵێت، لە خراپترین جۆرەكانی كاربۆهیدرات و زیانبەخشترینیان بۆ لەشی مرۆڤ شەكرە، لە رووی زانستییەوە دەركەوتووە كە خواردنی رۆژانەی زیاتر لە 50 گرام شەكر یان 10%ی كالۆری كێشی لەش زیاد دەكات و رێژەی گلیسریداتی سیانی زیانبەخش زیاد دەكات، بەوەش رێژەی شەكر لە نەخۆشانی شەكرە و ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ زیاد دەبێت.
روونی كردەوە، یەك قوتوو لە خواردنەوەی غازی نۆ كەوچك شەكری تیادایە، واتە 36 گرام، ئەو پزیشكە باسی زیانەكانی شەكری فرەكتۆز دەكات كە زۆرینەی هەویركاریی و شیرینییەكان بەوە شیرین دەكرێن، دەڵێت، مادەیەكی زۆر زیانبەخشە.
ئەو پزیشكە روونی كردەوە، شەكری فرەكتۆز دەبێتە هۆی نیشتنی زیاتری چەوری لە جگەر، ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش، برنج و پەتاتە لە زیاترین ئەو خۆراكانەن دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی شەكری خوێن، بۆیە زیانێكی گەورەیان بۆ نەخۆشی شەكرە هەیە و پێویستە لە كاتی نەخۆشی شەكرە و قەڵەوی زۆر كەمی بخورێت.
ئەو پزیشكە دووپاتی كردەوە كە بەرهەمەكانی ئاردی سپی، ئەوانەش رێژەی شەكر زۆر بەرز دەكەنەوە و كێش زیاد دەكەن، بۆیە دەبێت ئەوانەش لەكاتی قەڵەوی و شەكرەدا كەم بكرێنەوە، ئاماژەی كرد، هەرچی نیشاستەی سەوزە و میوە و پاقلەمەنی و بەرهەمەكانی ئەلبانن، زیانیان بۆ نەخۆشانی شەكرە نییە و دەتوانن بیانخۆن.
بەپێی شارەزایانی خۆراك و تەندروستی، قاپی خواردنی نەخۆشی شەكرە بكرێتە دوو بەش، بەشێكی سەوزەی فرێش و كوڵاو بێت، بەشەكەی تر لە پرۆتین و نیشاستە بێت، لەگەڵ خواردنەوەی كوپێك ئاو، ئەو خۆراكانەشی دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی زۆری شەكر لە خوێن بریتین لە نان و سەموونی سپی، شیرینی و خواردنەوەی غازی و شەربەت، گرنگترین شت كەمخواردنی نیشاستەكانە بە گشتی.