پڕۆتین یەكێكە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی خۆراكی رۆژانەی مرۆڤ لە پاڵ كاربۆهیدرات و چەوری و مادە خۆراكییە پێویستەكانی تر، بەگشتی گۆشتی مریشك بژارەیەكی سەلامەتترە لە جۆرەكانیتری گۆشت بە بەراورد بە گۆشتی سوور، كە سەرچاوەیەكی گرنگی پرۆتینە و بە سیلینیۆم و فۆسفۆر و نیاسین دەوڵەمەندە.
كە باسی گۆشتی مرۆشك دەكرێت، زیاتر خواستەكە لەسەر سینگ و رانیەتی، فیبۆل شارما، شارەزای خۆراكی هیندستانی دەڵێت، ران چەوری زیاترە و بەچێژترە، گۆشتەكەی بە میوگلۆبین دەوڵەمەندە، كە پرۆتینێكە و ئۆكسجین لە ماسولكەكان گل دەداتەوە، بەوەش رەنگی گۆشتەكە تێرە و چێژی جیاوازی پێ دەبەخشێت، سەرچاوەیەكی باشی ئاسن و زنك و ڤیتامین بییە و كالۆری زیاتری تیادایە.
هەرچی سینگە، گۆشتێكی رەنگ سپی كراوە و بێ چەورییە و بۆ تەندروستی دڵ باشترە، چونكە پرۆتینەكەی چەوری تیادا نییە و وەرزشوان و ئەوانەی حەز بە دابەزاندنی كێش دەكەن زیاتر دەیخۆن، هاوكات كالۆری كەمتر تیادایە.
هەرچی كامیان تەندروستترە، لە رووی پارێزگاریكردن لە كێشێكی گونجاوی لەش، سینگی مریشك گونجاوترە، چونكە چەوری و كالۆری كەمترە، بۆ ئەوانەی دەیانەوێ بنیاتی ماسولكەكانیان بەهێزتر بێت، سینگی مریشك بژارەیەكی گونجاوترە، بەڵام بۆ ئەوانەی بەدوای چێژوەرگرتن لە گۆشتی مریشك دەگەڕێن، رانەكەی بەچێژترە، بۆیە وا باشترە هەردووكی بە تێكەڵی بخورێت بۆ بەدەستهێنانی سوود و چێژەكەیان.