پزیشكێكی دیاری هەولێر نۆرینگەكەی بۆ ماوەی مانگێك كرد بەخۆڕایی

:: PM:01:31:27/11/2023 ‌
خاوەنی سەنتەرێكی ددان و جوانكاری لە هەولێر رای دەگەیەنێت، وەك پاڵپشتییەك و هاوكارییەك بۆ دۆخی دارایی خەڵكی كوردستان، بۆ ماوەی مانگێك سەنتەرەكەیان بەداشكانی 60% لە خزمەتی نەخۆشەكانیدا دەبێت.

د. دیار سەردار بەقاڵ خاوەنی سەنتەری سۆفیا بۆ پزیشكیی ددان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "وشە" رای گەیاند، بەهۆی ئەو دۆخە ئابوورییەی كوردستان تێیدایەتی، وەك پاڵپشتییەك بۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێم مەسروور بارزانی، ئۆفەرێك بۆ ماوەی یەك مانگ بەبێ قازانج رادەگەیەنین كە بریتییە لە چارەسەری نەخۆش بێ هیچ قازانجێك یان بە داشكانی 60%.

ئەم ئۆفەرەش وەك  پاڵپشتییەك بۆ مەسروور بارزانی كە توانی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، سەرەڕای ئەو هەموو تەنگوچەڵەمەیەی هاتنە ڕێی حكوومەتەكەی، بەسەركەوتوویی بەڕێ بكات.

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم چوار ساڵەیدا، بە قەیران و دۆخێكی سەختدا تێپەڕی و بەئیرادەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و بەپاڵپشتی خەڵكی كوردستان، توانرا بەسەر قەیرانەكاندا سەربكەوێت.



وشە - سۆران عەزیز