زۆرن ئەو هۆکارانەی کە خەوێکی باشمان بۆ دەکەنە پێشمەرجی تەندروستییەکی باش، لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە کە سیستمی خەوێکی جێگیر پێوەندیی بە ئەگەری مەترسیی مردنی کەسەکانەوە هەیە.
بوونی کاتێكی جێگیر بۆ هەڵستان لە خەو و چوونە ناو جێگە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکان تەندروستییەکی باشتریان هەبێت و تەمەنێکی زیاتر بژین.
ئەو کەسانەی پێگەیشتوون و لە سەروو تەمەنی 20 ساڵانەوەن، بە بوونی سیستمی خەوێکی جێگیر و ڕۆتینی بەردەوامی خەو بۆ هەموو ڕۆژێک، بە ڕێژەی %39 ئەگەری مردنیان لەو کەسانە کەمترە کە خەوێکی ناڕێکیان هەیە.
بەگوێرەی
توێژینەوەکانی ''ئەکادیمیای ئەمەریکی بۆ پزیشکی خەو'' ئەم چەند هۆكارە دیاری دەکەن کە خەوەکەمان خەوێکی تەندروستە یان نا، ئەوانیش بریتین لە: ماوەی گونجاو، کاتی گونجاو، کوالێتیی باش، جێگیری کاتی خەوەکە (هەموو شەوێک لە هەمان کاتی دیاریکراودا بخەویت)، و ڕانەچڵەکین و خەبەرنەبوونەوە لە خەوەکە.
لە درێژەی توێژینەوەکانی ئەکادیمییا ئەمەریکییەکەدا هاتووە، کەسێکی سەروو 20 ساڵان بەلایەنی كەمەوە پێویستیی بە حەوت سەعات خەو هەیە لە شەو و رۆژێكدا.
هەمووان ئەو هۆکارە باوانە دەزانین کە دەبنە هۆی شێواندنی خەوەکەمان پێش کاتی خەو، لەوانە خواردنەوەی ئەو شلەمەنییانەی کە مادەی کافاینیان تێدایە، وەک قاوە و جۆرەکانی، یان خواردنەوەی ماددە کهولییەکان، یانیش خواردنی ژەمێکی زۆر کە ئەمانە هەموویان کاریگەری لەسەر کوالێتیی خەوەکەمان دادەنێن، بەڵام چوار خوو هەن کە هۆکاری سەرەکین لە تێکدانی خەوەکانمان، ئەوانیش بریتین لە:
1- بەرنەکەوتنی جەستە لەگەڵ تیشکی سروشتی خۆردا: کاتێک هەموو ڕۆژەکەت لە ماڵەوە، یان دوور لە تیشکی سروشتی خۆر بەسەر دەبەیت، ئەوا خەوی شەوانت تێک دەچێت، ئەمەیش بەگوێرەی ئەوەی تیشکی خۆر وا لە لەشمان دەکات ''سەعاتی بایۆلۆجی'' لەشمان ڕێک بخات و بەمەیش بەیانیان بە بێ ویستی خۆمان لە کاتی دیاریکراودا خەبەرمان بێتەوە.
2- خەوتن لەسەر قەنەفە: لەوانەیە ئەم هەستە ئاسودەبەخش بێت کاتێک لەسەر قەنەفەکە بە دیار زنجیرەیەکەوە خەوت لێ دەکەوێت، بەڵام ئەم خەوە دەبێتە هۆی دابەزاندنی کوالێتیی خەوەکەت، هەروەها تێکچوونی کاتەکەی، بە تایبەتتر خەوتنی ئێواران لەسەر قەنەفە دەبێتە هۆی ئەوەی کە فشاری خەو لە شەودا کەمتر بێت و خەومان بزڕێت.
3- خۆشۆردن بە ئاوی سارد لە شەواندا: بەرکەوتن لەگەڵ ئاوی سارد دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە، کە ئەمەیش دەبێتە هۆی چالاککردنی لەشمان، بۆیە بۆئەوەی زوو خەوت لێ بکەوێت ئێواران بە ئاوی گەرم خۆت بشۆ و نیوەڕوان و بەیانیان بە ئاوی سارد خۆت بشۆ تا خەو و ماندوویەتی بەرت بدات.
4- بەکارهێنانی سۆشیال میدیا پێش کاتی خەو: بەکارهێنانی سۆشیال میدیا لە جێگەکانماندا بووەتە خوویەکی گران بەسەرمانەوە، لەبری ئەوەی سەیری چالاکییەکانی ناو سۆشیال میدیا بکەیت، لە گەلەری مۆبایلەکەتدا سەیری وێنە و ساتە خۆشەکانی خۆت بکەرەوە، بەم شێوەیە خێراتر چاوەکانت دەچێتە خەو.