بۆ سەركەوتنی نەشتەرگەریی چاندنی ددان پێویست بە بوونی شەویلاكێكی گونجاو و ئێسك پتەو دەكات، كە رەنگە هەموو كەس ئەوەی نەبێت و سەرەتا پێویست بە چاندنی ئێسك بكات، پزیشكێكی پسپۆڕ دەڵێت، هەندێك كەس كێشەی كۆئەندامی بەرگرییان هەیە و هەشە هەوكردنی هەیە.
د. سەید راشد، راوێژكاری نەشتەرگەریی دەم و ددان دەڵێت، دەبێت رەچاوی ئەوە بكرێت كە نابێت نەشتەرگەریی چاندنی ئێسك بۆ شەویلاكی ئەوانە بكرێت كە بە دەست پەتا و هەوكردنێكی چالاكەوە دەناڵێنن، یان ئەوانەی كێشەیان لە سیستمی بەرگریدا هەیە، لەوانەش ئەوانەی چارەسەری كیمیایی و تیشك وەردەگرن، هەروەها نابێت ژنی دووگیان و شیردەر ئەو نەشتەرگەرییە بكەن.
ئەو پزیشكە باسی گرنگیی چاندنی ئێسك لە شەویلاك دەكات و دەڵێت، شێوەی شەویلاك وەك پێشووی لێ دێتەوە، بنیاتی ئێسكەكە بۆ چاندنی ددانی نوێ باشتر دەبێت و ئەنجامی نەشتەرگەرییەكە سەركەوتووتر دەبێت.
سەبارەت بە شێوەی نەشتەرگەرییەكە دەڵێت، سەرەتا نەخۆشەكە بە گشتی یان تەنیا لە شوێنی نەشتەرگەرییەكە سڕ دەكرێت، ئینجا ئێسكەكە لە شوێنێكی لەشی وەردەگیرێت، شوێنی چاندنەكە خاوێن دەكرێتەوە تا دەركەوتنی ئێسكی شەویلاك، بە شەقكردنی شانەی پووك، ئەگەر پێویست بە لابردنی هیچ ددانێك نەكات، ئینجا ئێسكە هێنراوەكە بە ئێسكی دەركەوتووی شەویلاكەكە دەبەسترێتەوە.
دوای چاندنی ئێسكەكە، پزیشكەكە شوێنی نەشتەرگەرییەكە لە رێگەی دوورینەوەی دادەخات، دەكرێ بزمار و تەلی پزیشكی بەكاربهێنرێت، ئینجا شەویلاكەكە دوای چاكبوونەوەی بۆ چاندنی ددان ئامادە دەبێت.