خواردنی ماست دەبێتە هۆی نەمانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ

:: PM:04:34:05/12/2023 ‌
توێژەرانی بەشی پزیشکی لە زانکۆی ڤێرجینیای ئەمەریکا چارەسەرێکی نوێ و کاریگەریان بۆ خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دۆزیوەتەوە، کە بریتییە لە خواردنی ماست.

زاناکان بۆیان دەرکەوتووە کە بەکتریا باوەکانی وەک ''لاکتۆباسیلۆس'' کە لە خۆراکە لە قتوونراوەکان و ماستدا هەن، ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە چارەسەرکردنی فشاری دەروونیدا.

بەگوێرەی توێژینەوەکە لاکتۆباسیلۆس کاریگەری لەسەر باری دەروونی دروست دەکات، ئەمەیش بە ڕێکخستنی سیستمی بەرگریی لەش، بەتایبەتی بە پاراستنی ڕێژەی ڕێکخەرێکی سیستمی بەرگری کە پێی دەگوترێت ''ئینتەرفیرۆن گاما''، کە وەڵامدانەوەی جەستەمان ڕێک دەخات بۆ ئەو فشارانەی کە دەکەونە سەرمان و دەبنە هۆی خەمۆکی.

د. ئەلبان گۆڵتیێر دەڵێ، ئەم توێژینەوە نوێیە داهێنانێکی ترە لە بواری دەروونناسیدا و بە دڵیاییەوە خواردنی ماست ڕۆڵێکی کارای دەبێت لە چارەسەرکردنی خەمۆکی.

لاکتۆباسیلۆس یەکێکە لەو 39 تریلیۆن بەکتریایانەی کە لەناو جەستەماندا دەژین، پزیشکان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بە ئەم  بەکتریایەنە و ڕێکخستنیان شەڕی نەخۆشییەکانی ناو جەستەمان بکەن، لە ئەگەری ئەنجامدانی پارێز یان دووچاربوونەوە بە نەخۆشییەک، ئەم بەکتریایانە بەرەو کزی و لەناوچوون دەچن، کە ئەمەیش کێشەی تەندروستی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
نەمانی ئەو جۆرە لە بەکتریا لە ناو مشکدا بووەتە هۆی ئەوەی مشکەکە باری دەروونیی بشێوێت.
بۆ دکتۆر گۆڵتیێر و تیمەکەی، جیاکردنەوە و دەرهێنانی یەکێک لەو بەکتریایانە لە ناو سکی مرۆڤدا کارێکی قورس بووە، بۆیە لەسەر هەمان بەکتریا، بەڵام لەناو لەشی مشکدا تاقیکردنەوەیان کردووە و لە ئەنجامدا، نەمانی ئەو جۆرە لە بەکتریا لە ناو مشکدا بووەتە هۆی ئەوەی مشکەکە باری دەروونیی بشێوێت.

لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆکراوەیەک لە بەکتریا بە ناوی ''فلۆرای شادلێری گۆڕاو''، کە دوو زنجیرە لە بەکتریای تێدایە، بەشێکیان لە لاکتۆباسیلۆس پێکهاتووە، بەشەکەی تر لە شەش زنجیرەی تری بەکتریا پێک هاتووە، توانیویانە دوو جۆر لە مشک دروست بکەن، یەکێکیان بە بەکتریای لاکتۆباسیلۆسەوە، ئەوانەی تریان بە بێ لاکتۆباسیلۆس.

لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کە بەکتریای لاکتۆباسیلۆس دەبێتە هۆی ڕێکخستنی سیستمی بەرگریی جەستە، ئەمەیش دەبێتە هۆی نەهێشتنی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.
 
ماست ڕێژەیەکی باش لە بەکتریای لاکتۆباسیلۆسی تێدایە، بۆیە بە خواردنی دەتوانین خۆمان لە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بەدوور بگرین.


وشە - ئارا هێمن