ئێستە كە خەریكە وەرزی سەرما باڵ بەسەر ناوچەكە دەكێشێت و پلەكانی گەرما دادەبەزن، زۆرێك تووشی گیرانی لووتیان دەبنەوە، ئەوەش بەهۆی كێشە لە شانەی ناوپۆشی لووت، كە زۆر هەستیارە و بەهۆی تۆز و بەكتریاوە تووشی كێشە دەبێتەوە، فەرمانی رێكخستنی پلەی گەرمی ئەو هەوایە كە دەچێتە سییەكانەوە، بۆیە ئاساییە ئەگەر تووشی هەوكردن و هەستیاری ببێتەوە و لووتی ئەو كەسە بگیرێت.
وەك شارەزایانی پزیشكی ئاماژە دەكەن كە هەر شتێك ببێتە هۆی ورووژانی ناوپۆشی لووت، گیرانی بەدواوە دێت، چونكە زنجیرەیەك لە ئاوسان و هەوكردن و دروستبوونی شلەی لینجی بەڵغەم لە لووت دروست دەبێت و وا دەكەن رێڕەوی هەناسەدان لە رێگەی لووتەوە بگیرێت.
د. عەباس كنانی، دەرمانساز دەڵێت، رەنگە ئەو گیرانە بەهۆی سەرمابوون و ئینفلەوەنزاوە رووبدات، كە ساڵانە كەسانی پێگەیشتوو سێ جار تووشی دەبنەوە، بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا، دەشكرێ هۆیەكی تری گیرانی لووت بەهۆی هەستەوەرییەوە بێت، كاتێك بەهۆی دووكەڵ یان بۆن و تۆزەوە، هەستەوەی دروست دەبێت، ئەوكاتەش بۆ چارەسەری دەرمانی كرانەوەی لووت، كە بە شێوەی بەخاخ یان قەترە یان حەب و كەپسوول هەیە، وەربگیرێت.
زیاتر دەڵێت، بەڵام ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرە یان بەرزیی پەستانی خوێنیان هەیە، یان دەرمانی تر وەردەگرن، دەبێت راوێژ بە پزیشكەكانیان بكەن لە كاتی بەكارهێنانی چارەسەری كرانەوەی لووت، دەكرێ ئامێری هەڵمی بۆ هەڵمژینی هەڵم یان دەرمانی بەهەڵمبوو بەكار بهێنرێت.
ئەو پزیشكە دەرمانسازە دووپاتی دەكاتەوە كە زۆرینەی حاڵەتەكانی گیرانی لووت بێ هیچ كێشەیەك خۆیان كۆتاییان دێت، بەڵام بەردەوامیی بۆ زیاتر لە 10 رۆژ یان بوونی تا و ئازار لە دەموچاو یان هاتنی شلەی لینجی رەنگ سەوز یان زەرد یان خوێناوی لە لووت، ئەوكاتە پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت، چونكە ئەگەری هەیە مانەوەی بێ چارەسەری ببێتە هۆی هەوكردنی كەلێنەكانی لووت یان هەوكردنی گوێی ناوەراست، بە گشتی لە زۆرینەی حاڵەتەكانی گیرانی لووت، ئەگەرچی بێزاركەرە، بەڵام چارەسەری هەیە.